فەلاح مستەفا: ئاوارەکان تەحەدایەکی پڕ مەترسین بۆ ئێمە

فەلاح مستەفا: ئاوارەکان تەحەدایەکی پڕ مەترسین بۆ ئێمە
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە ژمارەی زۆری ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، ”تەحەدایەکی پڕ مەترسی“یە بۆ هەرێمی کوردستان.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر باشووری کوردستان و سوپاسکردنی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رایدەگەیەنێت، کە ”ئەم جەنگە ھێشتا ماوە و تەواو نەبووە، دەتوانین بڵێین سەرکەوتن بەسەر داعشدا ھەیە، توانیومانە پێکەوە لاوازیان بکەین”.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، فەلاح مستەفا داوای ھاوکاریی و کۆمەکی زیاتری وڵاتانی جیهان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش دەکات و دەڵێت، ”خۆشحاڵبووین لەدوای ساڵی 2003 چەندین وڵات ھاوکارمان بوون”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلول، نوێنەری وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

فەلاح مستەفا ئاماژەی بە ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە ملیۆنێک و 800 هەزار کەس تێپەڕیوە و بە ”تەحەدایەکی پڕ مەترسیی“ بۆ هەرێمی کوردستان داناوە و داوای هاوکاریی و یارمەتیی زیاتری ئەو پەنابەرانەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ”بۆ ئەوەی ئەوانیش ئایندەیەکی باشیان ھەبێت تا دەگەڕێنەوە وڵات و شوێنی خۆیان”






باسنيوز
Top