لە هەولێر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بە داعش کرایەوە

لە هەولێر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بە داعش کرایەوە
وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگریی عێراق و هاوپەیمانان، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە شاری هەولێر کردەوە و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پێکهێنانی ئەم ژوورە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە لە دژی داعش.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوول، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگریی عێراق و ھاوپەیمانان لە شاری ھەولێر کرایەوە". ئاماژەی بەوەش کرد كە شوێنی ژوورەکە لە بارەگای فەرماندەیی زێرەڤانی دەبێت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت دروستکردنی ئەم ژوورە گوتیشی "ئامانج لە کردنەوەی ئەم ژوورە ھەماھەنگیکردنە لەنێوان هەریەکە لە ھێزەکانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزە ئەمنییەکان، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی لە دژی داعش".
Top