کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان 11 خولەکی خایاند
دانیشتنەکە تەنها ١١ خولەکی خایاند و دوای خولەکێک وەستان بۆ شەهیدان و میوزیکی مارشی ئەی رەقیب، دکتۆر یوسف محەمەد ، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد، لەکاتی لێدانی میوزیکی مارشی نیشتیمانی ئەی رەقیبدا ئەندامانی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیش هەستانەوە، کە پێشتر بە گوتەی خۆیان بەهۆی بوونی دەستەواژەی نەگونجاو لە رووی ئایینییەوە ئەندامانی فراکسیۆنەکە هەڵنەدەستەوانەوە.
کۆبوونەوە ئاساییەکەی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەیە کە هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان تیایدا بەشدار بن لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
لە وتارەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمان باسی چەندین پرسی جیاوازی کرد و لەربارەی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش سەرۆکی پەرلەمان گوتی کە پەرلەمان باڵاترین مەرجەعی یاساییە و ئاساییشە جیاوازی لەنێوان فراکسیۆنەکاندا هەبێت لەسەر ئەو بابەتە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە لەدەستدانی بێ لایەنی و تێکدانی سازانی نیشتیمانی تاوانبار دەکرێت، رایگەیاند "دەبێت ئەو پرسە لەچوارچێوەی یاسا و سازانی نیشتیمانیدا چارەسەر بکرێت".
کۆبوونەوە ١١ خولەکییەکەی پەرلەمان بە کورتترین دانیشتنی دەسپێکی کردنەوەی خولی ئاسایی پەرلەمان دادەنرێت کە تا ئێستا ئەنجامدرابێت.
رووداو
