13 بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە هەڵەبجە دەكرێتەوە
فەرمان بۆ كردنەوەی 13 بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە دەردەچێت، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، سەرجەم وەزارەتەكان ئامادەیی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانیان هەیە.
عەلی عوسمان جێگری پارێزگاری هەڵەبجە راگەیاند: "فەرمانی كردنەوەی (13) بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەڕاوەتەوە و سەرجەم وەزارەتەكان ئامادەیی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانیان هەیە و لە ئێستاشدا بەوەكالەت ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە دەكەینەوە و بەڕێوبەرەكانیشیان دەكەین بە بەڕێوەبەری گشتی بە وەكالەت".
وتیشی: "داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین هەرچی زووە بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەیكەلی پارێزگای هەڵەبجە جێگیر بكەین و هاووڵاتیان بتوانن لە پارێزگاكەی خۆیانەوە مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن".
جێی باسە تاوەكو ئێستا لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە نەگەشتوونەتە رێككەوتن و ئەمەش وایكردووە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانیش هیچ جۆرە رێككەوتنێكی لەسەر نەكرێت و ئەم هەنگاوەش هەنگاوێكە بە ئاڕاستەی رێكخستنی هەیكەلی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاكەوە.
