داعش جارێکی دیکە ماددەی کیمیایی لەدژی پێشمەرگە بەکارهێنا
لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هاتووە " لە دەوروبەری کاژێر 11:30 خولەک لە31-ی ئابی2015، موشەکێک کە گوماندەکرێت ماددەی کیمیایی تێدا بەکارهێنرابێت ، ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا لە شوێنێک لە نزیک چوارڕییانی بەنداوی موسڵ".
بەپێی راگەیێندراوەکە" تەقینەوەی مووشەکەکە بوویە هۆی دروستبوونی دووکەڵێکی زەرد لە شوێنی هێرشەکە و پێشمەرگەیەک رەوانەی نەخۆشخانە کرا و ئێستا چارەسەر وەردەگرێت".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، پاشماوەی مووشەکەکە لە شوێنی هێرشەکە کۆکراوەتەوە و رەوانەی شوێنێکی پارێزراو کراوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی ئاسایش گوتووشیەتی" کاردەکەین لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی نموونە بۆ تاقیکردنەوەی بەپەلە".
ئەنجوومەنی ئاسایش لە کۆتایی بەیاننامەکە گوتوویەتی" ئێمە زۆر نیگەرانین لە شێواز و ژمارە و میتۆدی ئەم هێرشانە و داوا دەکەین لە ئەنجوومەنی ئاسایش کە بەپەلە کەل و پەلی خۆپاراستن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بنێرێت. ئەنجامی تاقیکردنەوەنەکان کە بۆ هێرشەکەی مەخموور و هێرشی نزیک بەنداوی موسڵ ئەنجامدراون، لە چەند هەفتەی داهاتوودا رادەگەیێنرێت".
لە 14-8-2015 چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزی پێشمەرگە، هەرچەندە هێرشەکەیان تێکشکێنرا، بەڵام سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخموور-گوێڕ رایگەیاند، داعش گازی کیمیایی خەردەلی بەکارهێناوە. هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیاش بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە پشتراست کردەوە.
دوابەدوای ئەوەیش ژەنەراڵ کەڤین کێڵیا، بەرپرسی باڵای هاوپەیمانێتی دژی داعش رایگەیاند:" تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن داعش ماددەی خەردەلی بەکارهێناوە".
رووداو
