فازڵ میرانی: ئەم خوولەی پەرلەمان بووە شوێنی ئیرادەشکاندن و لە دونیاشدا نییە حزبێک یان کەسێک، میللەتێک لەسەر پەنجەی خۆی بسووڕێنێت
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باس لە ئەگەری سێیەم دەکات بۆ رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لایەنەکان، ”با ئەم پرسە بۆ خوولی داهاتووی پەرلەمان بەجێبهێڵدرێت، چونکە ئەم پەرلەمانە لە 23ـی حوزەیران بووە شوێنی ئیرادەشکاندن“، چونکە بەپێی گوتەکانی میرانی، لەگەڵ بوونی ئەم هەموو کێشانەی شەڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ئاو، کارەبا، بەنزین، شەڕی پەکەکە و تورکیا و چەندین کێشەی دیکە، ’’ناکرێ ئێستا باسی گۆڕینی سەرۆکی هەرێم بکەین“.
فازڵ میرانی بە ئاماژەدان بەوەی بارزانی وەک کەس، ”رەمزە“ بۆ کورد و ”بەدیلی رەمزیش نییە“، رایدەگەیەنێت، کە نەک لە نێو پارتی، لە نێو گەلی کوردیشدا بەدیلی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە و پێشیوایە، هەر کەس پێچەوانەی ئەمە بڵێ، ئەوە سووکایەتی بە گەلی کورد دەکات، چونکە کۆمەڵێک خەڵکی ژیر و کەسایەتیی تێدایە و دەتوانن ببن بە سەرۆکی هەرێم.
ئەو سەرکردەیەی پارتی بە باسکردنی رۆڵی بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و هێنانە سەرخەتی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش لە بەرژەوەندیی کورد، باسی کەسایەتییەکەی دەکات و نموونە بە کەسایەتیی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەهێنێتەوە و دەپرسێت، ”فوئاد مەعسومیش سەرۆک کۆماری عێراقە، بەڵام مەعسوم دەبێتە مام جەلال؟“.
میرانی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریکا لەبارەی ”ساختەکاریی لە هەڵبژاردن“، رایدەگەیەنێت، کە ناکرێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ”پەرلەمانتارە ساختەکان“ هەڵبژێردرێت و دەپرسێت، ”من چۆن باوەڕیی بە ساختەیەک بکەم؟“.
فازڵ میرانی جەخت لەوەدەکاتەوە، کە کاندیدی حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانییە و دەڵێت “بۆ ئێمە کاندیدی خۆمان بگۆڕین و خەڵک لە سەرمان فەرز بکات؟”.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژە بەوەشدەکات، کە لە ساڵی 2005، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان هەڵبژێردرا، دواتر بەشێک لەو لایەنانەی ئێستا داوادەکەن لە پەرلەمان هەڵببژێردرێت، رایانگەیاند، کە شەرعیەتی نابێ و دەبێ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، ئێستاش داوا دەکەن ببرێتەوە پەرلەمان و دەڵێت، ”لە دونیادا نییە حزبێک یان کەسێک، میللەتێک لەسەر پەنجەی خۆی بسووڕێنێت“.
فازڵ میرانی پێشیوایە بەفری نێوان حزبەکان تواوەتەوە و لەسەر 13 خاڵ پێکهاتوون، تەنیا دوو خاڵ ماون، کە شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆک و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە و سێ لایەنەکە (زۆرتر گۆڕان و کۆمەڵ) داوایان کردووە بەس لە کاتی شەڕ، سەرۆکی هەرێم ببێتە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و پێیوانییە “ئەمە رەئی جددی یەکێتیش بێ” و رایدەگەیەنێت، کە ناکرێ سەرۆک لە کاتی شەڕ فەرماندە بێت و لەکاتی ئاشتی فەرماندە نەبێت.
میرانی وەک دوا چارەسەر بۆ رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، داوادەکات خەڵک بەشداریی بکات و بڕیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدات، کە ”ئایا لە ناو پەرلەمان هەڵببژێردرێت یاخود راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانەوە”.
