بوونی سەرۆك مسعود بارزانی لەم قۆناغەدا وەكو سەرۆكی وڵاتێك وایە كە ئەركێكی قورسی دەكەوێتە سەرشان لە پاراستنی وڵات
مەلاعومەر سوێرى هەروەها گوتی: ئەو شەڕە قارەمانانەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆردا دەیكەن، بە پێی هەرچی دەقە لە قورئانی پیرۆزدا، هەرچی فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەرە (د.خ)، هەمووی لایەنگیریی كورد وەك گەلێكی موسڵمان دەكەن كە بەرگریكارە لە خاك و گەل و نامووسی خۆی كە بە درێژایی مێژوو لە سەر خاكی خۆی ستەمی زۆری دەرهەق كراوە، لە بەرانبەردا كەسانێكی ناو داعش هەن، بە تەحریفكردنی ئایینەوە خەریكن و بە ناوی جیهادەوە پەلامارمان دەدەن، پێشمەرگەش بۆ پاراستنی گەل و خاك و نامووس دەجەنگێت ئەمەش جیهادە.
سوێرى هەروەها گوتی: بەرگریكردن لە وڵات و شەرەف و نامووسی خەڵك، ئەركێكی پیرۆزی سەركردەی هەر وڵاتێكە، ئەمەی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم دەیكات، دەچێتە خانەی جیهادەوە، كار و كردەوەكانی داعش، بریتییە لە داگیركاری و زوڵمكردن، ئێمە وەك كورد لەسەر خاكی كوردستانین، خاكێك كە ساڵەهایە لە لایەن دوژمنە سەرسەختەكانەوە بەسەرماندا كاول و وێران دەكرێت، ئەو گوندانەی كوردستان كە لە مێژوودا چەندین جار كاول كراون، ئەگەر تەنیا 10 ماڵیشی تێدا بووبن، مزگەوت و مامۆستای ئاینییان تێدا بووە، كەچی ئەو گوندانەی ژێردەستی داعش لەناو 50 گونددا خاوەنی تاقە یەك زانا و مامۆستا و مەلای مزگەوت نین، لەناو كوردا هەر لە دێرین زەمانەوە سەدان زانای مەزنی ئایینی هەڵكەوتووە، ئەم ڕۆڵە مەزنەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكان كە خەڵك و خاكی كوردستان دەپارێزن، بە كۆ ڕای هەموو زانایەكی ئایینی پێی دەوترێت جیهاد.
شايانى باسه مەلاعومەر هەروەها گوتی: دەرئەنجام بۆ هەموو لایەك ڕوون دەبێتەوە كە ئەوانە كێن ئاستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییان نزمە، هەڵبەت ئەوانەی لەم دۆخە هەستەوەرەدا خەریكی ململانێ و دووبەرەكێ نانەوەن، كە ڕۆژانە ڕۆڵەكانی كورد لە بەرەكانی جەنگ شەهید دەكرێن و بارودۆخی ناوچەكە دژوارتر و نائارامتر دەبێت، ئامانجی هەموو كەسێكیش لە كوردستان گەیشتنە بە سەربەخۆیی، كەچی كەسانێك فیتنەهەڵگیرسێنن، خەڵكی لە بەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی سارد دەكەنەوە، ئەوە نەك تەنیا فیتنەیە بەڵكو خیانەتكارییشە، ڕۆژگار دەیسەلمێنێ بۆ چ ئامانجێك ئەم فیتنەیە هەڵگیرسێنراوە، جگە لە هۆكارە شاراوەكانی، گرێی دەروونی و ڕق و قینی كۆنی ڕابردووشی لە پاڵدایە، هەموو فیتنە و دووبەرەكی نانەوەیەك لە ئاینی ئیسلامیدا دەرچوونە لە دین، دەقەكانی قورئانی پیرۆز پێمان دەڵێن ئەگەر دوو جەمسەر بوو بەشەڕیان، ئەو لایەنەی ڕاناوەستێت و نایەتە سەر خەت و بەقسەی كەس ناكات و عەقڵ ناكاتە دادوەر.
لە كۆتایی قسەكانیدا باسه مەلا گوتی: بوونی سەرۆك مسعود بارزانی لەم قۆناغەدا وەكو سەرۆكی وڵاتێك وایە كە ئەركێكی قورسی دەكەوێتە سەرشان لە پاراستنی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتیان، تەنانەت ئەركی سەرشانێتی باروگوزەرانی خەڵكی بەرەو پێشەوە ببات و لە كاریگەرییەكانی چەوسانەوەی رابردوو رزگاریان بكات و بەتوندی رووبەڕووی دوژمنانی كوردستان ببێتەوەو گەل بەهێز بكات، لە لایەن خەڵكەوە چاوەڕوانی ئەمە لە سەرۆك مسعود بارزانی دەكرێت. مەسەلەی گۆڕانی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و دانانی یاسای نوێ لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە كێشمەكێش و ناسەقامگیرییەی عێراق و ناوچەكە بەهیچ شێوەیەك گونجاو نییە، تەنانەت زنجیرە دەستكەوتەكانی نەتەوەكەمان هەر لەساڵی 1991ی راپەڕینەكەوە تاكو ئەمڕۆ هەڵدەتەكێنێت، پێویستە حزبە كوردستانییەكان بیر لە بەرژەوەندی خەڵك و نەتەوەكەمان بكەنەوە، لە بەرژەوەندی لاوەكی و شەخسی و حزبی دوور بكەونەوەو گرنگی بە گرنگتر بدەن.
