چەند ڕێنماییەک بۆ قەرزی بچووک دەرکراون

چەند ڕێنماییەک بۆ قەرزی بچووک دەرکراون
بۆ ئاسانکاریی قەرزی بچووکی لاوان، وەزارەتی کار چەند ڕێنماییەک دەردەکات، کە لە ھەموویان گرنگتر، نەمانی غەرامەی سەر قیستەکان و درێژکردنەوەی ماوەی قیستەکانە.

محەمەد ھاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بە ھۆی ڕەچاوکردنی دۆخی ئێستای کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئابووری، چەند ڕێنماییەک بۆ قەرزی بچووک دەرکراون و گوتی: ھاووڵاتیان بە ھۆی ئەو بارودۆخەوە ناتوانن لە کاتی دیاریکراودا قەرزەکان بگەڕێننەوە، بۆیە ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان درێژ دەکەینەوە، بە شێوەیەک کە بتواندرێت ئاسانکاری بێت بۆ ئەوانەی لە قەرزەکە سوودمەند بوونە”.

بەپێی ڕێنماییەکان، گەڕانەوەی قەرزی بچووک بە شێوەی قیست دەبێت و ھەر شەش مانگ جارێک بڕێک پارە دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام بەپێی بڕیارە تازەکان، لەمەودوا ماوەی گەڕاندنەوە لە شەش مانگ زیاتر دەبێت.

محەمەد ھاودیانی ئاماژەی بە خاڵێکی تری ڕێنماییەکان کرد و گوتیشی: “ھاوکات غەرامەی سەر قەرزەکەمان ھەڵگرت، چونکە ھەندێک خەڵک پێیان حەرام بوو، تەنانەت ھەندێ لە فەرمانبەرانیش ئامادە نەبوون کار بکەن، بەڵام لەمەودوا ئەم کێشەیەیان نابێت”.

بەپێی ڕێنماییەکانی پێشوو، بۆ ڕۆژێک دواکەوتنی گەڕاندنەوەی قەرز، ٥ ھەزار دینار غەرامە لە قەرزکەر وەردەگیرێت و ئەگەر ٩٠ ڕۆژ لە دوای ھەر شەش مانگ جارێک دوا بکەوێت، ئەوا گرێبەستەکە ھەڵدەوەشێتەوە و پارەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.

ھاودیانی گوتیشی: “لە بۆردی یاسای وەزارەتی کار خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای قەرزی بچووکین، چونکە بەپێی یاساکە تا تەمەنی ٣٥ ساڵی دەیانگرێتەوە و ئێمەش پێمان باشە کەم بکرێتەوە، ھەروەھا بڕی قەرزەکە زیاد بکرێت کە ئێستا لەنێوان ٥ تا ١٥ ملیۆن دینارە، بۆیە داوامان کردووە ئەو خاڵانە و چەند خاڵێکی تریش بۆ خزمەتی خاوەن قەرزەکان ھەموار بکرێنەوە”.

بەپێی ڕێنماییەکان، ئەو کەسەی داوای قەرز دەکات، دەبێت تەمەنی لە ١٥ بۆ ٣٥ ساڵی بێت، توانای بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ھەبێت، فەرمانبەری حکوومەت نەبێت، ھاووڵاتی و نیشتەجێی کوردستان بێت و باری دارایی سنووردار، یان لاواز بێت.

بەپێی گوتەی وەزیری کار، سەرباری قەیرانی دارایی لە کوردستان، بەڵام پڕۆژەی قەرزی بچووک بەردەوامە و تا ئێستا ٧ ھەزار و ٥٠٠ کەس لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوونە، کە نزیکی ٥٠٠ کەسیان لەم ساڵدا بوونە.

محەمەد ھاودیانی ئاشکراشی کرد، پارەی قەرزی بچووک ناچێتەوە خەزێنەی حکوومەت، بەڵکو پارەکە خولاوە و لا وەزارەتی کارە، قابیلی ئەوەیە چاودێری دارایی ھەر کات بیەوێت لێکۆڵینەوە بکا و لە وەزارەتیش چاودێری دەکرێت و مانگانەش ڕاپۆرت بۆ من بەرز دەکرێتەوە”.

لە سەرەتای پڕۆژەکەوە لە تەمووزی ٢٠١١ تاوەکو ئێستا نزیکەی ٧٧ ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان کراوە و دوو ساڵیشە حکوومەت پارە بە سندوقەکە نادات.

وەزیری کار جەختی لەسەر ئەوە کرد، کە بەردەوام دەبن لە پێدانی قەرزی بچووک، بەڵام کێشەکە لە نەگەڕاندنەوەی قەرزەکەیە، کە ئەگەر ھاووڵاتییەک قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە، زیان بە ھاووڵاتیان و گەنجانی تر دەگات.

پێشنیازی ئەوەش ھەیە ئەو گەنجانەی قەرزی بچووکیان وەرگرتووە و لە شەری داعش وەکو خۆبەخش شەھید بوونە، ئەوا لە قەرزەکانیان خۆش دەبن، ئەویش پاش ئەوەی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەکەن، بۆ دەرکردنی فەرمانی لێخۆشبوون لە قەرزەکە.

ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری قەرزی بچووک بە (باس)ی ڕاگەیاند، ئەو قەرزانە بۆ چەند بوارێکە لەوانە (پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵی، گەشتیاری و خزمەتگوزاری و چەند بوارێکی تر). ئەوانەشی تاوەکو ئێستا وەرگیراون، بەشی زۆریان بۆ بواری بازرگانی بووە، کە زیاتر لە ٣ ھەزار و ٢٠٠ قەرز بۆ ئەو بوارە بووە، ئەوانی تر بۆ بواری پیشەسازی و خزمەتگوزاری بوون.

وەزارەتی کار ٩ نووسینگەیان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ھەیە بۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان و تاوەکو ئێستا ٣٥٠ پڕۆژەیان ھەڵوەشاندووەتەوە، بە ھۆی ئەوەی کەسەکە پڕۆژەکەی ئەنجام نەداوە و پارەکەیان لێ وەرگرتووەتەوە.









باسنیوز
Top