ئێستا سەرۆك بارزانی لە ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش لە ئەوروپا، متمانەی زۆر زیاترە لە حەیدەر عەبادی

ئێستا سەرۆك بارزانی لە ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش لە ئەوروپا، متمانەی زۆر زیاترە لە حەیدەر عەبادی
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ستۆران ستیڤنسۆن سەرۆكی پێشووی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق لە دیمانەیەكی گوتى: هەمیشە وتوومە كە كردنەوەی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی هەولێر بووەتە جێگەی بایەخ لە شەڕی دژی داعش و هەروەها بووەتە جێگەی سەرنجی پێشكەوتن و دیموكراسی لە هەموو عێراقدا. ئێستاش بەغداد بووەتە پایتەختی دەوڵەتێكی شكستخواردوو، بەشێوەیەك خراپ بووە كە خەڵك پێیوایە عێراق دابەش دەبێت بۆ سێ هەرێمی جیا، كوردستانی سەربەخۆ، هەروەها داعش دەستیگرتووە بەسەر ناوچەیەكیدا و بەشە چەماوەكەی عێراقیش بە بەغدادەوە لە ژێر دەستی حكومەتی شیعەكان بە سەركردایەتی حەیدەر عەبادی ماوەتەوە. ئەگەر عەبادی خێرا چاكسازییەكانی جێبەجێ نەكات كە پێویستە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆڵی جێگری سەرۆك كۆماری تێدا بێت. عەبادی دەبێت خێرا خۆی لە نوری مالیكی ڕزگار بكات و زیاتر لەوەش دەستگیری بكات و بە تۆمەتی گەندەڵی و تاوان دژی مرۆڤایەتی بیداتە دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای. ئەمانە و چاكسازییەكانی تر كە حەیدەر عەبادی پێشكەشی كردووە، دەبێت زوو جێبەجێ بكرێن، لێرەشەوە لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی هاوڕام كە پاڵپشتی لە چاكسازییەكانی عەبادی كردووە.


ستۆران ستیڤنسۆن هەروەها گوتی: ئێستا سەرۆك بارزانی لە ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش لە ئەوروپا، متمانەی زۆر زیاترە لە حەیدەر عەبادی، لەبەر ئەوەی زیانێكی زۆر بە متمانەی نێودەوڵەتی عێراق كەوتووە بە هۆی رەفتارەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە، بۆیە دەبێت بایەخی زۆری ئەمریكا و ڕۆژئاوا و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كوردستان و هەولێر بێت. ئێستا ئێمە تێگەیشتووین كە كوردستان و پێشمەرگە تەنها ئەگەری تێكشكانی داعشن لە ناوچەكەدا و دەبێت بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دەست بكرێت بەپێدانی چەكی مۆدێرن بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی سەركەوتنی گەورە لە دژی داعش بەدەست بێنن. سوپای عێراق لە توانایدا نییە ئەوە بكات و چەكدارانی شیعەش كە لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە سەركردایەتی دەكرێن، دانیشتووانی سوننە لە عێراق لەوان زیاتر دەترسن وەك لە داعش. بۆیە ئێستا كردنەوەی ئۆفیسی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ستافیان هەبێت و ڕاستەوخۆ پێوەندییان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا هەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداربن و یارمەتی پێویست بگەیەنن، وەك دابینكردنی یارمەتی سەربازی بۆ پێشمەرگە و دابینكردنی خواردن و كەلوپەل بۆ ئەوەی یارمەتی كوردەكان بدات، چارەسەری قەیرانی ئاوارەكان بكەن، كە بەردەوام لە هەڵكشاندایە لەبەر كێشەكانی عێراق و دەوڵەتی دراوسێی سووریا.


ستیڤنسۆن هەروەها گوتی: كەوتنی موسڵ مایەی شەرمەزاری بوو بۆ فەرماندەی هێزەكانی عێراق كە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەربازی عێراقی ڕایانكرد لە بەرانبەر هێرشی هێزێكی بچووكی وەك داعش. ئەو فەرماندەیە ڕاستەوخۆ لادرا و بە كەسێكی ترسنۆك وەسفكرا، كە هەمان ئەو فەرماندەیە بوو كە سەركردایەتی چەندین بەتالیۆن لە سوپای عێراقی كرد لە هێرش و كۆمەڵكوژی لە كامپی ئەشرەف چەند ساڵێك لەمەو پێش، واتە فەرماندەی هێزەكانی عێراق لە موسڵ كەسێكی زۆر ئازا بوو كە دەهاتە سەر كوشتنی ژن و منداڵ و ئەوانەی كە هیچیان پێ نییە بەرگری لەخۆیان بكەن، بەڵام كەسێكی تەواو ترسنۆك بوو كاتێك لەلایەن ژمارەیەكی كەم لە چەكدارانی داعشەوە هێرشی كرایە سەر. ئەوە مایەی شەرمەزاری تەواو بوو بۆ ژەنەڕالێكی عێراقی، چونكە موسڵی بەو شێوەیە خست- كە دواتر لابرا-. كێشەكە ئێستا ئەوەیە كە دوو ملیون خەڵك هەیە لە موسڵ دەژین و زۆربەیان سوننەن و لەوە دەترسن كە ڕۆژئاوا هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ یارمەتی چەكدارە شیعەكان بە سەركردایەتی قاسم سولەیمانی بۆ لێدانی زەبری گەورە لە بارەگاكانی داعش دەست پێبكات، ئەمەش دەبێتە مایەی كوشتن و برینداری زۆری دانیشتووانی مەدەنی لە موسڵ، چەكدارە شیعەكانیش بەهەمان شێوە لە داعش دەترسن. بارودۆخەكە بە شێوەیەك خراپ بووە كە زۆربەمان ئێستا لە ڕۆژئاوا لەوە دەترسین دابەشبوون لە عێراقدا رووبدات و وڵات دابەش بێت بۆ سێ دەوڵەتی جیا.

شايانى باسه ستۆران لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: نوێنەرانی باڵای یەكێتی ئەوروپا و وەزیرانی دەرەوە تەنها یەك ئۆفیسیان لە بەغدا كردبووەوە، كە ئەویش بە كرێ لە سەفارەتی بەریتانیایان گرتبوو، زۆربەی ستافەكەیان لە پایتەختی ئوردن لە عەمان بوون نەك لە بەغدا، بۆیە ستافێكی بچووك و یەك باڵیۆزیان هەبوو كە بەرپرسیاریەتییەكی زۆریان لە ئەستۆ گرتبوو، ئەویش لە بەر مەسەلەی ئەمنی كە نەیاندەتوانی بە ئاسانی لە عێراقدا هاتووچۆ بكەن. بۆیە بوونی نووسینگەی پێوەندییەكان لە هەولێر ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو ستافە ئەوروپییەی لەوێن دەتوانن پێوەندی باشتریان هەبێت و وێنەیەكی روونتر دەبینن لەوەی كە ڕوودەدات لە شەڕ لەگەڵ داعشدا، دەشتوانن راستەوخۆ پێوەندی بكەن بە یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتە یەكگرتووەكانەوە و پێیان دەڵێن چی پێویستە بۆ یارمەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ دابینكردنی یارمەتیی بۆ ملیۆنان لە پەنابەران كە لەناو كوردستاندا كۆبوونەتەوە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1040)
Top