وادهی دامهزراندنی فهرمانبهرانی كۆمسیۆن دیاری كرا
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان (شێروان زرار) ڕایگەیاند: "بڕیارە لە ١٥/٩/٢٠١٥ دامەزراندنی ٥٣٥ فەرمانبەر بۆ کۆمسیۆن لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆمان ڕادەگەیێنین و دواتر خەڵک دەتوانی کارنامەی پێشکەش بکات؛ جا تەماشا دەکەین کامانەیان مەرجی زیاتریان هەیە، ئەوانە قبووڵ دەکەین."
وتیشی، ئێمە فۆرمێکمان ھەیە لە سایتەکە بڵاوی دەکەینەوە و ھەموو زانیارییەکی تێدایە و، خەڵک دەتوانی لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەوە کارنامەی خۆی پێشکەش بکات و، کۆمەڵێک مەرجی تێدایە و، ئەوەی ئەو مەرجانەی تێدا بێت بەپێی پسپۆڕی خۆی بۆ بەشەکان فۆرمەکە پڕ دەکاتەوە کە ٥٠% لەسەر کارنامە پێشکەشی دەکات و، ٥٠%یشی لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە دەبێت کە لەگەڵیدا دەکرێت.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەوانەی ئەزموونیان ھەبێت لە ھەڵبژاردنەکان چانسیان زیاترە بۆ وەرگرتن.
(شێروان زرار)ڕاشیگەیاند، ڕەنگە مەرجی وەرگرتن فەرمانبەران لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکرا بکەین.
ئەوەشی خستە ڕوو، کە کارنامەکان گەڕانەوە ھەوڵ دەدەین ئەوانە دابمەزرێن کە فەرمانبەر نین، بۆ ئەوەی بەختی دامەزراندنیان ھەبێت، بەڵام ئەگەر بەوانە پڕ نەبوویەوە ئەوە ڕێژەیەکی دیاریکراو داوا دەکەین لە حکوومەت؛ ئەو فەرمانبەرانەی زیادە بیانداتە ئێمە، کە حکوومەت ئەمەی زیاتر پێخۆشە.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەو دامەزراندنە دوور دەبێت لە دەستێوەردانی حزبی و بە پێی فۆرم و مەرج دەبێت.
