دڵشاد عەبدولڕەحمان: دوو ئیدارەیی خەونی نەتەوەیی کورد لەبار دەبات

دڵشاد عەبدولڕەحمان: دوو ئیدارەیی خەونی نەتەوەیی کورد لەبار دەبات
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ”بەداخەوە“ ئەگەری دوو ئیدارەیی هەیە و ئەم پێشهاتەش، ”خەونی نەتەوەیی کورد لەبار دەبات“.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری سڤیلدا رایگەیاندووە، کە ”هیچ پرۆژەیەکی سیاسی لە کوردستاندا بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی سەرناکەوێت“.

دڵشاد عەبدولڕەحمان پێیوایە ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ”گیانی بەرژەوەندی خوازیی لایەنەکانە“ و باس لەوەشدەکات، کە ئەمجۆرە بیرکردنەوەی حزب و کەسایەتییەکانیان ”کوردستانی راگرتووە و نەیهێشتووە بەرەو پێشەوە بچێت“.

لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی 23ـی حوزەیرانی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن فراکسیۆنەکانی (یەکگرتووی ئیسلامی، یەکێتی، کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان) بۆ داڕشتنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە پارتی بایکۆتی کرد، راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاندووە، کە ئەم کۆبوونەوەیە ”هەڵە“ی چوار لایەنەکە بوو لەوەی دەتوانن یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی پارتیی ”هەمووار بکەنەوە“.

دڵشاد عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هیچ حزب ولایەنێک تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە، کە دژی هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانین بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گوتویەتی، ”بە دڵنیاییەوە بارزانی دەبێتەوە سەرۆکی هەرێم“.

راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رەتی دەکاتەوە یەکێتی بووبێتە پاشکۆی گۆڕان، بەڵام جەخت لەوەدەکاتەوە، کە ”یەکێتیی کێشەی نێوخۆیی خۆی هەیە“.

دڵشاد عەبدولڕەحمان شەڕی نێوخۆیی ”بە دوور“ دەزانێت، بەڵام هۆشداریی دەداتە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کە ”ئەگەری دوو ئیدارەیی هەیە و ئەمەش خەونە نەتەوەیی کورد لەباردەبات“، کە خۆی لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبینێتەوە.













باسنیوز
Top