ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان لەهەولێر کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ  لایەنە سیاسییەکان لەهەولێر کۆدەبنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-8-2015 لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت و پەرلەمان لەهەولێر کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەکان، کە چاوەڕواندەکرێت فراوانتربێت لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەتی ئەو شەش دەسەڵاتەی، کە تاوەکو ئێستا قسەیان لێوەنەکراوە و ناکۆکی زیاتری لایەنەکانی لەسەرە.

هەرچەند لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، کە رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 ئەنجامدرا، بڕیاردرا لایەنەکانی دیکەش بەشداریی کۆبوونەوەکەیان پێبکرێت، بەڵام حیزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی و چەند لایەنێکی دیکە رەتیانکردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن.

هێڤیدار ئەحمەد پەیامنێری رووداو لەشوێنی کۆبوونەوەکە، رایگەیاند " ئەگەر لایەنەکان لەسەر ئەو شەش دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بگەنە رێککەوتن، ئەوا پرسی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو، کە ئاخۆ لەناو خەڵک هەڵبژێردرێت، یان لەپەرلەمان".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کە لەبەرپرسانی لایەنەکان دەستیکەوتوون" لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەو شەش دەسەڵاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە جێگای ناکۆکی لایەنەکانن تاوتوێدەکرێن، لەوانە دیارترینیان" فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، کە پارتی پێداگری لەوە دەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە داوادەکەن، سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت".

پارتیش پێشنیازێکی دیکەی هەیە بۆ ئەو پرسە ئەویش ئەوەیە کە، ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەنیاش فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نەبێت، ئەنجوومەنێکی بەرەڤانی دروستبکرێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، سەرۆکی حکومەت ، جێگرەکەی ، وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی تێیدا ئەندامبن".

پرسێکی دیکەی نێوان لایەنەکان وەک پەیامنێر رووداو باسی لێوەکرد " دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەرەکانە، کە لایەنەکان داوا دەکەن، بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە، بەگوێرەی جیاکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکان، دامەزراندنی دادوەرەکان هەر لەدەسەڵاتی خۆیان بێت، نەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دایانبمەزرێنێت".

بابەتێکی دیکەی جێگای ناکۆکیش " پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، کە لایەنەکان رەتیدەکەنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتەنیا بڕیار لەپەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و پێکهێنانی شاند بدات بۆ ئەو پەیوەندییانە".

لەپێنجەمین کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی، کە رۆژی چوارشەممە 26-8-2015 ئەنجامدرا، باس لە سێزدە دەسەڵاتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، کە لایەنەکان هیچ ناکۆکیێکیان لەسەر نەبوو و لەسەری گەیشتنە رێککەوتن.

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناکۆکی قوڵی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی باشووری كوردستان دروستکردووە و تاوەکو ئێستا جگە لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان زیاتر لە 50 كۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە كراون. هەروەها چەند وڵاتێكی بیانیش بۆ چارەسەركردنی پرسەكە هاتوونەتە سەر خەت وەك، ئەمریكا، بەریتانیا، نەتەوە یەكگرتووەكان، توركیا و ئێران.










رووداو-
Top