فازڵ میرانی: با خەڵک دوا بڕیار بدات لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

فازڵ میرانی: با خەڵک دوا بڕیار بدات لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە لە ئەگەری رازینەبوونی لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باخەڵک دوا بڕیار بدات.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەرنامەیەکی کوردستان تیڤیدا رایگەیاند، کە ئەو ”قەیران و ململانێیە“ لەنێوان حزبەکاندا لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ”لەسەر رێڕەوی ئاشتییانە“ دەڕوات و نیشانەی بوونی دیموکراسییە.

فازڵ میرانی هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە نەگەیشتنە یەکتریی لایەنە سیاسییەکان، هیچ کاریگەریی نەکردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و گوتیشی، ”پرۆسەی سیاسی لە کوردستان ھیچ مەترسییەکی لە سەر نییە“.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە، کە حزبەکەی داوادەکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت و لە ئەگەری رازی نەبوونی لایەنەکانی دیکەش، ”داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین لە رێگای ریفراندۆمەوە دیاری بکەن، کە سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت یاخود لە لایەن خەڵکەوە“.

فازڵ میرانی هۆشداریشی داوەتە حزب و لایەنە سیاسییەکان و رایگەیاندووە، کە ”ناحەزانی ئێمە چاودێریی رەوشەکە دەکەن و دەیانەوێت گرفتی گەورە دروست بێت و مەترسی گەورە بۆ ئەو تەجروبەیە دروست بێت“.

میرانی بەشداریکردنی ئەو حزبانەی نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، لە کۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییە یەکەمەکەی باشووری کوردستان، بە پێویست داناوە و رێککەوتنە 13 خاڵییەکەی پێنج حزبەکە (پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، گۆڕان و کۆمەڵ)ی بە ”دەرگایەکی باش“ لەقەڵەم داوە.







باسنیوز
Top