پۆلۆنیا لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە به‌رده‌وام ده‌بێت

 پۆلۆنیا لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە به‌رده‌وام ده‌بێت
ئه‌مڕۆ سەركونسوڵی پۆلۆنیا له ‌هه‌ولێر ڕایگه‌یاند كه‌، هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و، ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ی به‌رزنرخاند.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كونسوڵخانەی پۆلۆنیا لە شاری ھەولێر سەرکونسوڵی ئەو وڵاتە ڕێناتا تێچینسكان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان پۆلۆنیا و ھەرێمی كوردستان و چالاكیەكانی خۆیانی كرد و گوتی: "ساڵی ٢٠١٤ ئێمە ١٤٠٠ ڤیزەمان بە خەڵك داوە؛ بە گوێرەی ئامار سێ‌چارەکی ئەوانەی داوای ڤیزەیان کردووە، پێیان دراوە. ئەمساڵیش تا ئێستا ١٣٢٠ كەس داوای ڤیزەیان كردووە و، بەم زووانەیش وەڵامیان دەدەینەوە".

رێناتا تێچینسكان گوتی: "لە ماوەیەكی نزیكدا خولی زمانی پۆلۆنی لە ھەرێمی كوردستان دەكرێتەوە؛ تا ئێستا چل كەس خۆیان ناونووس كردووە؛ بەو مەبەستە وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا كۆمەڵێك كتێب و پرۆگرامی فێربوونی زمانی پۆلۆنیی بۆمان ڕەوانە كردووە. چەندین قوتابی لە زانكۆكانی بەناوبانگی پۆلۆنیا درێژە بە خوێندن دەدەن كە بێجگە لە بەرنامەی تواناسازی ھەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی دیكەشمان ھەبووە كە یازدە قوتابیمان ڕەوانەی پۆلۆنیا كردووە تاوەكۆ درێژە بە خوێندن بدەن؛ ئێستایش پەیوەندیی ئاكادیمیکمان لەگەڵ زانكۆی سەلاحەدین، كۆیە، سۆران، سلێمانی و دھۆكیشدا ھەیە".

ھەروەھا تێچینسكان سوپاسی ڕۆژنامەنووسانی ھەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئێمە ئاڵوگۆڕی ڕۆژنامەنووسان دەكەین لە ھەر دوو وڵات تاوەكو زیاتر هەردوو لا بە یەكتری ئاشنا ببن و ھەروەھا چەند خولێك لە ھەرێمی كوردستان دەكەینەوە لەسەر ئەو بابەتانەی كە پێویستیان پێیەتی".

سەرکونسوڵی پۆلۆنیا ھەروەھا باسی لە یارمەتییەكانی وڵاتەكەی كرد بۆ ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان كە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند گەنجێكی ئاوارەی نیشتەجێی ھەرێمی كوردستان ڕەوانەی پۆلۆنیا كراون تاوەكو لەو وڵاتە خۆێندن تەواو بكەن. گوتیشی: "لە مانگی ھەشتی پارەوە پۆلۆنیا دەستی بە پێشكەشكردنی یارمەتیەكانی بۆ عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی كوردستان كرد و بە جۆرێك تا ئێستا زیاتر لە هەشتا تۆن یارمەتی گەیەنراوەتە ئاوارەكان".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵ دا لە بارەی بازرگانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێناتا تێچینسكان گوتی: "پار بازرگانی ئێمە بە بەهای ٨١ملیۆن دۆلار ھاوردە بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان ھەبووە و ھەروھا لە بەرانبەریشدا ٣١٨ملیۆن دۆلار ھەناردەمان ھەبووە، لە ساڵی ٢٠١٥ واتە ئەمساڵ تا ئێستا ٦٢ملیۆن دۆلار ھاوردەمان ھەبووە بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان و لە بەرانبەریشدا ٤٩١ ملیۆن دۆلار ھەناردەمان ھەبووە و ھەروەھا زۆربەی بازرگانی ئێمە لە بواری كڕینی نەوت بووە و سەرەرای ئەوەش تا ئێستا ھیچ كۆمپانیایەكی نەوتیمان لە ھەرێمی كوردستان نییە و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەوەیش دەبێت".

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا یارمەتی سەربازی و پێدانی چەك بە پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، سەركونسوڵی پۆلۆنیا ڕێناتا تێچینسكان گوتی: "حكوومەتی پۆلۆنیا زۆر بە ڕێزەوە ڕۆڵی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت و سەردانی بەرەكانی شەڕمان كردووە و بەردەوام دەبین لە پشتیوانی و یارمەتیدانی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تێرۆریستانی داعشدا".
Top