ئەگەر سەرۆك هەیبەت و سامێكی نەبێت چی پێدەكرێت؟، چۆن دەتوانێت بڕیاری چارەنووسساز بدات .

 ئەگەر سەرۆك هەیبەت و سامێكی نەبێت  چی پێدەكرێت؟، چۆن دەتوانێت بڕیاری چارەنووسساز بدات .
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان شێخ موحسین موفتی بۆ گوتى: مرۆڤی هەستیار و شارەزا هەموو كات چاوی له چاودێریی هەمیشهیی پەروەردگاره ، وەك قورئانی پیرۆز دەفەرمووێت: ((ان ربك لبالمرصاد))، بەتایبەتی كەسانێك وەك گەیەنەر و داعیەی ئایین بانگێشه بۆ خۆی دەكات، دەبێت كاری ئەوان بۆ خوا بێت و، نابێت ههڵوێست و قسهكانیان له هۆیهكانی راگهیاندنهوه خزمهتی دووبهرهكی و گیانی ئاڵۆزی و پیلانی دهرهكی و دڵڕهشی مرۆڤه چاوچنۆكهكان بكات، لهبهرئهوهی ئهوانه هەمیشه له هەوڵدان بۆ لەناوبردنی سەنگەری خۆراگری كه ئەمڕۆ كوردستان بەو سەنگەره خۆڕاگرییەوه لەسەر ئاستی جیهان ناسراوه و شانازی پێوه دەكەین. هەروەها نابێت سەركرده و كەسانی یەكەم و بەدەسەڵاتی نێو لایەنه سیاسیيەكان، هەوڵ و رەفتار و وتەیان بۆ لایەنبازی و دەسكەوتی تایبەتی و خۆسەپاندن و ئاژاوەگێڕی بێت.



شێخ موحسین هەروەها گوتی: ئەمڕۆ فیتنه و گوشاری سیاسی و ئابڵوقەی دەوڵەته نەیاره هەرێمیيەكان و قەیرانی دارایی و گەندەڵی دەرگای به هەر تاكێكی ئەم گهله بەش مەینەته گرتووه، بۆیه لێرەدا گرنگه ئەو پرسیاره لەخۆمان بكەین : ئایا ئەگەر ئەم بارودۆخەمان لێ تێك بچێت، له هەموومان تێكناچێت؟ بۆیه دەبێت سیاسەتمەداره گەورەكان قسه خراپەكانی ناو ناخ و هەناویان نەگەیەنن بەلایەنگر و بنكەی جەماوەری حزبەكانیان بۆ ئەوەی ئەوەندەی دیكه بارودۆخەكه ئاڵۆزتر نەكەن.


موحسین هەروەها گوتی: لەم قۆناخەدا دەبێت ئەو رق و كینەیه واز لێبهێنن و شوری خۆسوپاندن و دەسەڵات نەكەن، هەتا ئەگەر حەزیشیان له دەسەڵاته، ئەوا بۆ چوونه نێو دهسەڵات، دەبێت رێوشوێنی سیاسیی و ئارامی خۆی بۆ بگرنه بەر، دەبێت سەركردەی حزبەكان و سیاسەتمەدارانی كوردستان ئەو راستییه بزانن، كه میللەتی رەسەن، سەركردەی رەسەنی خۆی دەدۆزێتەوه و لێی دوورناكەوێتەوه، بەڵام هەرگیز به زەبرو زەنگ و پیلانگێڕان، سەركردەی ناوازەو هەڵكەوتوو نەدروست دەبێت نه پایەداریش دهبێت.
دەبێت راگەیاندن و نووسەر و رۆشنبیران، دروشمی بەرگری له هەق و راستی بەرز بكەنەوه و رۆڵی گرنگی راستگۆیی فەرامۆش نەكەن، ئەوەی ئەمڕۆ جێگەی داخ و تێرامانه، چاوی هیچ كەسێك چاكەی لایەنەكەی تر نابینێت، هەمووی رەخنەگره بەڵام ئاماده نیيه تەنها له نیەت باشیشدا خۆی چاك بكات.هەموو له كونی دەرزییەوه هەڵه و خیانەت و گەندەڵی بەرامبەرەكەی دەبینێت ، بەڵام ئەگەر خۆی لەناو چاڵی خیانەت و دۆزەخی خۆفرۆشیدا ببینێتەوه.

موفتى لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: گەورەترین كێشه كه ئەمڕۆ بەفیتی نهیاران، رووبەڕووی گەلەكەمان بۆتەوه، ئەو كێشەیه كه دەیانەوێت بێ متمانەیی لەنێوان هێزه سیاسیەكاندا دروست بكەن، ئەمەش بۆ ئەوەیه كەس ئەوەنده دەسەڵاتی نەبێت كه ئیتر ئەو نەیارانه خۆیان لەبەرامبەریدا بەكەم بێته بەرچاو. ئەگەر كورد راست بكات خاوەنی پرۆژەیەكی رزگاریخوازی راستەقینه بێت، دەبێ بۆ پێی ناخۆش بێت سەرۆك كۆماری عێراق كوردێك بێت و دەسەڵاتیشی هەبێت؟ دەبێت بۆ رێگری ئەوه بێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی هەبێت وا داوای سەرۆكێكی تەشریفاتی دەكات، ئایا بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان، سەرۆكی تەشریفاتی دەتوانێت رۆڵێكی چاكسازی و یەكلایی كەرەوه بگێرێت؟ لێرەدا راشكاوانه دەڵێم ، ئەگەر سەرۆك هەیبەت و سامێكی نەبێت چی پێدەكرێت؟، چۆن دەتوانێت بڕیاری چارەنووسساز بدات .

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1039)

Top