فەرماندەی هێزەكانی 70 : تا گوندەكان كۆنترۆڵ نەكەینەوە ناوەستین

فەرماندەی هێزەكانی 70 : تا گوندەكان كۆنترۆڵ نەكەینەوە ناوەستین
بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنەوەی ژمارەیەك گوندی دەوروبەری داقووق و خورماتوو كە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك، هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان بە هێرشێكی فراوان كردووە. فەرماندەی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگەش دەڵێت تاوەكو گوندەكان كۆنترۆڵ نەكەینەوە هێرشەكە ناوەستێنین.

هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 10 كیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووە و 22 گوندیشیان لە باشووری داقووق و خورماتوو گەمارۆداون. جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە كە یەكێك لە سەرپەرشتیارانی هێرشەكەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە تاوەكو ئەو گوندانە كۆنترۆڵ نەكەنەوە كۆتایی بە هێرشەكە ناهێنین

خەڵكی خۆبەخش و ژمارەیەك پەرلەمانتاریش بۆ پشتیوانی پێشمەرگە چوونەتە بەرەكانی شەڕ.

تاوەكو ئێستا چەكدارانی داعش بەرگرییەكی ئەوتۆیان بەرامبەر پێشمەرگە نەبووە، بەڵام لە ترسی زۆری بۆمبە چێندراوەكان پێشمەرگە ناتوانن پێشڕەوی بكەن. لە ئاسمانیشەوە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا پاڵپشتی پێشمەرگە دەكەن و داعش بۆردوومان دەكەن.














رووداو
Top