حکوومەت 3 نەخۆشخانەی ھەرزان دەکاتەوە
د. ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، راگەیاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژەی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەتی ئیواران و کردنەوەی دەوامی ئیوارانی راوێژکاری لە 3 نەخۆشخانەی حکوومی دەکرێنەوە.
گوتیشی: لە نەخۆشخانەکانی رزگاری لە ھەولێر و شار لە سلێمانی و ئازادی لە دھۆک، نرخی نەشتەرگەری بە لە ئەستۆگرتنی نیوەی خەرجیەکان لەلایەن حکوومەت دەکرێنەوە و پرۆژەکە دەدرێتە حکوومەت و رەزامەندیی پێشوەختەی بۆ وەرگیراوە.
بە بریاری وەزارەتی دارایی لە ئابی 2012 تەرخانکردنی نرخی ٥٠%ی دەرمان و لە ئەستۆگرتنی 80% نرخی نەشتەرگەری لە لە کلینیک و نەخۆشخانەی راوێژکاریی ئێوارانی نیمچە حکوومی، کاری پێ دەکرا، بەلام بەھۆی قەیرانی دارایی، وەزارەتی دارایی کوردستان لە سەرەتای مانگی ئاداری 2014 ھاوکارییەکانی کلینیک و نەخۆشخانە راوێژکارییەکانی ئێوارانی بڕیوە.
د. ڕێکەوت حەمەڕەشید گوتیشی: دوای ئەوەی لەو سێ نەخۆشخانەیە پرۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت، لە چەند نەخۆشخانەیەکی تریش پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، نەشتەرگەریی ئێوارانیش لە ھەموو نەخۆشخانەکان دەکرێنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە رەزامەندیاندیان داوەتە وەزیری تەندروستی.
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، ئەگەر نەشتەرگەرییەک بە 400 ھەزار دینار بکرێت، ھاووڵاتی 200 ھەزار دینار دەدات و حکوومەتیش 200 ھەزار لەئەستۆ دەگرێت.
لە دەوامی بەیانیانی نەخۆشخانە حکوومیەکاندا، نۆرەی نەشتەرگەری ھەیە چەندین مانگە و ساڵە، بەپێی قسەی د. ڕێکەوت حەمەڕەشید زۆربەی نۆرەی ئەو نەشتەرگەرییانە دەبرێنە نەخۆشخانەکانی ئێواران، گوتیشی: دوای 3 بۆ 4 مانگ لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، نۆرەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکان نامێنن.
وەزیری تەندروستی روونی کردەوە لە پرۆژەکەدا نیوەی خەرجیی نەشتەرگەریی و پشکنین و تیشک و سۆنار و دەرمان لە لایەن حکوومەت دەبێت.
لە ماوەی دوو ساڵدا لە دوای کردنەوەی قاوشی نەشتەرگەریی ئێواران کە 80%ی خەرجییەکانی لەسەر حکوومەت بوو، 150 ھەزار نەشتەرگەریی جۆراوجۆر ئەنجام درابوون.
باسنیوز
