بۆ ئەوەی بارودۆخی توندتیژیی تەنگژە بگۆڕێت بۆ ئاشتی، دەبێت بە شێوەیەكی واقیعییانە ریشەی كێشەكە دیاری بكرێت
جواكیم كرۆتز هەروەها گوتی: ئیدارەی تەنگژە پرۆسەیەكە مەبەست لێی كەمكردنەوە، یان وەستانی توندوتیژییە و دۆزینەوەی ڕێگەیەكی گونجاوە بۆ كۆتایهێنان بە توندوتیژی رێكخراو لە نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەكاندا. ئیدارەی تەنگژە تمووحی ئەوەی نییە، یاخود توانای ئەوەی نییە كە دەستەبەری چارەسەرێكی دەستبەجێ بكات بۆ ترس و بێ متمانەیی نێو گرووپەكان. كاتێك ئەم گرژییانە هەر دەمێننەوە، ئەوا هەمیشە مەترسی سەرهەڵدانی توندوتیژی نوێ لە ئارادا دەبێت. بەڵام ناتواندرێت بێ متمانەیی نێو گرووپەكان لە سەدا سەد كەم بكرێتەوە، ئەمەش پێویست نییە بە وردی قسەی لەسەر بكەین، بەڵام بە كورتی پێویستە ئامانجەكە سەرەتا ئەوە بێت كە هەر كاتێك جووڵێنەران ویستیان زۆرینەی دوو گرووپە نەژادییەكە سازبدرێن و رێكبخرێن بۆ ناو توندوتیژی، رێگرییان لێ بكرێت، دەكرێت ئەمەش لەبەر ئەوە بێت كە بۆچوونێكی باشیان هەیە لەسەر گرووپەكەی تر، هەروەها رەنگە گوێیان پێنەدەن، یاخود بە گوماناوە لەو كەسانە دەڕوانن كە هانی هەڵگیرساندنی توندوتیژی دەدەن. ئەگەر كات تێپەڕی و توندوتیژییەكی بەرفراوان رووی نەدا، ئەوا رەنگە زیاتر و زیاتر پێوەندییەكان بەرەو باشی بچن، بەڵام لە قۆناغەكانی سەرەتادا ئاسانترە جەخت لەسەر لاوازكردنی جووڵێنەران بكرێتەوە.
شايانى باسه كرۆتز هەروەها گوتی: هەرچەندە شارەزای كەیسی ئیسڕائیل فەلەستین و هیندستان و پاكستان نیم، بەڵام پێموایە زۆر جار دەستپێكردنەوەی توندوتیژییەكان بۆ ئیعتیباراتە سیاسییەكانی ناو لایەنە بەشەڕهاتووەكان دەگەڕێتەوە بۆ كارلێكی نێوانیان. ئەمەش واتە لە قۆناغە جیاوازەكاندا سیاسەتی ناوخۆیی ئیسڕائیل و فەلەستین و هیندستان و پاكستان ئەو كاراكتەرانەیان دروست كردووە كە كەڵكی خراپیان لە ناكۆكییەكە وەرگرتووە بۆ ئەوەی بە دەسەڵات بگەن، یان لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ئەگەر ئەم كەیسانە بە مێژووی فەرەنسا و ئەڵمانیا بەراورد بكەین كە لە پرسیاری دواتردا كردووتە، دەبینین ئەوا ئەو ئیعتیباراتە ناوخۆییە سیاسییانە لە زۆربەی جەنگەكانی نێوان ئەو دەوڵەتانەدا هەبوون كە بە درێژایی سەدەكان ڕووی داوە. لە ساڵی ١٩٤٥ ـەوە هیچ یەكێك لە سیاسەتمەدارە فەرەنسی و ئەڵمانییەكان هیچیان بە دەست نەهێناوە لە پەرەدان بە ئاكارە شەڕەنگێزییەكان، بەڵكو بەپێچەوانەوە بووە. سەرەڕای ئەوەش، كارلێكە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان بە درێژایی سنوور كە هاووڵاتی فەرەنسی و ئەڵمانی تێیدا بەشدارن (وەك قوتابیان و گەشتیاران و.. تاد) ئەوە دەگەیەنێت كە زیاتر و زیاتر بۆتە كارێكی قورس و مایەی سەركەوتنی زۆر كەم دەبێت بۆ هەر كەسێك كە تەنانەت باسی هاونیشتمانییانی ئەو دوو وڵاتە بە جیاواز بكات.
لە كۆتایی قسەكانیدا جواكیم هەروەها گوتی: پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت كە زۆر لە یوگۆسلاڤییەكان پێوەندی خێزانی و هاتوچۆ و هاوڕێیەتییان لەناو گرووپە نەژادییە جیاوازەكاندا هەبووە و ڕەوشتی شەڕەنگێزییان ڕەتكردبووەوە و زۆریان وڵاتیان بەجێهێشت، یان هەوڵیان دەدا كە لە ناكۆكییەكەوە نەگلێن، كە ئەمەش بۆخۆی پێمان دەڵێت بۆچی بارودۆخی پاش ناكۆكییەكە لە وڵاتەكانی دواتردا تاڕادەیەك ئارامە، سەرەڕای بەرزی ئاستی توندوتیژی و شەڕەنگێزی لە جەنگدا. بە ڕادەیەك كە دەوڵەتی یوگۆسلاڤی لە سەردەمی (تیتۆ)دا شكستی هێنا لە وەرچەرخانی تەنگژە ناوخۆییەكانی گرووپەكاندا، پێموایە ئەمە بە تەواوی ڕاستە، بە شێوەیەكی تایبەتی لەبەر ئەوەی هەوڵی دەدا كە چارەسەرەكە لە سەرەوە بكات بە دامركانەوەی گرووپەكان لە جیاتی ئەوەی مافی یەكسانیان بداتێ. ئەوەی من تێی گەیشتووم، بونیادە سیاسییەكان و بیرۆكراسی دەوڵەت، بونیادەكانی كێبڕكێی نێو گرووپەكانی لانەبردووە، چونكە ئەوانەی كێبڕكێیان بۆ دەسەڵات دەكرد، نوێنەرایەتی ناوچە جیاوازەكانی وڵاتیان دەكرد.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1039)
