بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، تەرمی فەرەیدون جوانڕۆیی لە پیرمام بە خاک سپێردرا
فازیل بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، کە لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانێکی شارۆچکەی پیرمام بە بەشداریی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، بەرپرسان و کوسوکارەکەی، تەرمی جوانڕۆیی بەخاک سپێردرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 12:30ـی شەو، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ میحوەری خازر، فەرەیدون جوانڕۆیی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرپەرشتیاری میحوەری خازری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە رووداوێکی ھاتوچۆ گیانی لەدەست دا و پێنج پێشمەرگەش برینداربوون.
فازیل حاجی حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلەکەی فەرەیدون جوانڕۆیی خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی ھامەردا کێشا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و پینج پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون، کە برینی دووانیان بە ھۆی سووتاوییەوە سەختە.
لە بارەی ئەو ئۆتۆمبێلەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەی جوانڕۆیی پێکیاندادا، فازیل حاجی حوسێن گوتی، ”ئۆتۆمبێلی پێشمەرگە بووە و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، تووشی ئەو رووداوە بوون“.
میحوەری خازر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری ھەولێر و یەکێکە لە میحوەرە بەرفراوانەکانی شەڕی داعش، بە دووری 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری موسڵی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
باسنیوز
