لە چاكسازییەكەی عەبادی پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو زەرەرمەند بوون

لە چاكسازییەكەی عەبادی پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو زەرەرمەند بوون
هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەیزان و كەمكردنەوەی پلەو پۆستەكان لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، پاشان پەسەندكردنی پاكێجەكانی چاكسازی لەلایەن پەرلەمانەوە، هاوسەنگیی سیاسی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق لاسەنگ كرد و كوردیشی لە چەند پۆستێك بێبەش كرد. زەرەرمەندی ئەو گۆڕانكارییانەش لەسەر ئاستی كوردستان، بە پلەی یەكەم پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو بوون.

كورد لە بەشی یەكەمی چاكسازییەكەی عەبادی چەندین پۆستی لەدەستدا، لەوانە: پۆستێكی باڵای وەكو پۆستی د.رۆژ نوری شاوێس كە جێگری سەرۆك وەزیران بوو بۆ كاروباری ئابووری. بەیان نوری، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ژنان لە پشكی یەكگرتوو، سامان عەبدوڵڵا، وەزیری دەوڵەت لە پشكی كۆمەڵ، فەرهاد نیعمەتوڵڵا، جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران لە پشكی پارتی و لەگەڵ دەیان راوێژكاری دیكە كە لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە.

بەپێی زانیارییەكان، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق نزیكەی 80 راوێژكاری هەیە كە زۆربەیان لە سەردەمی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق دامەزراون بۆ راگرتنی هاوسەنگیی پێكهاتەكانی عێراق، بەڵام بەپێی بڕیارەكانی عەبادی، لەمەودوا هەر یەك لە سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان و حكومەت تەنیا 5 راوێژكاریان دەبێت.

حكومەتی حەیدەر عەبادی، بە جێگرانییەوە لە 33 كەس پێكهاتبوو، دوای كەمكردنەوەی وەزارەت و وەزیرەكان، ژمارەی ئەندامانی كابینەكەی بووە 22 كەس. پێشبینی دەكرێت تەواوی دەسەڵاتی 8 وەزارەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان شۆڕبكرێتەوە و لە ئایندەدا چاوەڕێ دەكرێ ببێتە 15 وەزارەت.

یەكگرتوو: بەشێكی كودەتایە

د.موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند : ئێمە لەگەڵ چاكسازیی تەواو و راستەقینەداین. لەگەڵ باشكردنی خزمەتگوزاری و ژیانی هاووڵاتیانی عێراقداین، بەڵام ترس هەیە حكومەتی عێراق بەرەو حكومەتی زۆرینە و حكومەتی یەك تایفە هەنگاو بنێت، چونكە دوورخستنەوەی كۆمەڵێك بەرپرس لە پۆستەكانیان پەیوەندی بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنەوە هەیە، ناكرێت حیسابی پێكهاتەی كورد و سوننە نەكرێت و بەبیانووی چاكسازی، ئەو دوو پێكهاتەیە پشتگوی بخرێن".

بەبڕوای د.موسەننا ئەمین: "ئەوەی عەبادی دەیكات بەشێكی چاكسازییە، بەڵام بەشەكەی دیكەی كودەتایە. ئەو جێگرانی سەرۆك كۆماری لابردووە، بەڵام پرسی بە د.فوئاد مەعسووم، وەكو سەرۆك كۆمار نەكردووە. عەبادی ئیستیغلالی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ململانێی حیزبەكانی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی كردووە، بۆیە لەو چاكسازییانە بە ناوی وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەوڵی بچووككردنەوەی كوردی داوە و چەندین پۆستی لە كورد وەرگرتووەتەوە".

پارتی: كاتەكە بە مەبەستە

حاكم تارق گەردی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی پێیوایە عەبادی زۆر لێزانانە لە كات و ساتێكی دیاریكراودا دەستی بۆ پۆستەكانی كورد لە بەغدا بردووە. گەردی گوت: ئێمە لەگەڵ عەبادی حكومەتمان بە رێككەوتن و لەسەر بنەمای بەرنامە دروستكردووە، بۆیە هەر دەستبردنێك بۆ ئەو پلەو پۆستانە دەبێت بە رەچاوكردنی پشكی كورد بێت، ئەگەر ئەو راست دەكات و ئەو پۆستانە بە كەسانی پیشەیی و لێهاتوو پڕ دەكاتەوە، بێگومان لە كورد و سوننە و مەسیحی و لایەنەكانی دیكەش هەیە".

سەبارەت بە دەربڕینی هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو كارانەی عەبادی، حاكم تارق گوتی "جارێ‌ ئێمە خەریكی نێوماڵی خۆمانین، بزانین وەزعەكە بە كوێ دەگات، ئینجا دواتر دوو قسە لەگەڵ عەبادی دەكەین".

كۆمەڵ: پۆستی كورد دراوە بە عەرەب

ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت حیزبەكەی یەك فەرمانبەری لە حكومەتی عێراقدا نییە، كەچی وەزیری دەوڵەت لە پشكی ئەوان بەر چاكسازییەكەی عەبادی كەوتووە.

ناوبراو گوتیشی "ئێمە بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ چاكسازیداین، بەڵام نابێت چاكسازی لەسەر حیسابی لایەنێك بۆ بەرژەوەندی لایەن و تایفە و پێكهاتەیەكی دیكە بێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی ئەو چاكسازییانە دەكەین، بزانین ئەنجامەكەی بە كوێ دەگات".

ئەحمەد حاجی رەشید داوا دەكات كورد لە بەغدا پێداچوونەوە بە پلە و پۆستەكانیدا بكات و بەپێی خاڵ و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن داوای پشكی خۆی بكات "پۆستەكانی كورد لە بەغدا بە ناعەدالەتی دابەشكراون، ئێمە وەكو كۆمەڵ داوای دانیشتنێكمان لە لایەنە كوردستانییەكان كردووە بۆ ئەو پرسە، شتی وا روویداوە لە بەغدا كە قابیلی قبوڵ نییە، بۆ نموونە عەرەب لەسەر پشكی كورد پۆستی وەرگرتووە".

یەكێتی: رۆژی حەق و حیسابی عەبادی دێت

بەختیار شاوێس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە كە چاكسازییەكانی عەبادی پەیوەندی بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت گوت: ئەو چاكسازییانە پەیوەندی بە قەیرانی دارایی و باردۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراقەوە هەیە، بۆیە بەشێك لە بڕیارەكانی عەبادی پێشێلكاری یاسایی و دەستووریی تێدایە، ئەمڕۆ رۆژ رۆژی عەبادییە، چونكە شەقام و مەرجەعیەتی لەگەڵە، بەڵام عەبادیش رۆژی خۆی دێت، چونكە كورد و سوننە حەق و حیسابی خۆیانی لەگەڵ دەكەن".

بەختیار شاوێس هەروەها دەڵێ‌ "هەر پێنج لایەنە كوردستانییەكە لە بەغدا لەسەر پرسی دابەشكردنی پۆستەكان كۆدەبنەوە، بێگومان هەندێك لایەن پۆستەكانیان لە حكومەتی عێراقی لە دەستداوە و پێویستە بە پۆستی دیكەی كورد لە بەغدا قەرەبوو بكرێنەوە، بۆیە ئەمە بە كێشەیەكی گەورە نابینم، بەڵام مەترسیم لەوەیە سبەی عەبادی ماددەی 140 و دەستووریش هەڵبوەشێنێتەوە و بڕیاری گەورە بەسەر هەرێمی كوردستاندا فەرز بكات".















رووداو
Top