نێچیرڤان بارزانی: ڕای ئێمه ئه‌وه‌یه پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌رێگه‌ی راپرسی خه‌ڵكه‌وه یه‌كلا بكرێته‌وه
جێگری سه‌رۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)دوای ئه‌وه‌ی له مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ی ئۆفیسی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كیه‌تیی ئه‌وڕووپا له هه‌رێم به‌شداری كرد، پێوه‌ست به‌پرسی رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم ئهمئێوارهیه به رۆژنامه‌نووسانی رایگه‌یاند كه، "هیوامان وایه بگه‌یه‌ن به ئاكام، تا ئه‌و كاته‌ی بتوانین بگه‌ین به ئه‌نجام هه‌ر كۆ ده‌بینه‌وه و هیوایشمان وایه كه چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م كێشه‌یه بدۆزینه‌وه".
جێگری سه‌رۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، له‌بابه‌ت پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ رۆژنامه‌نووسان راشیگه‌یاند ، هه‌ڵوێستی ئێمه وایه ئه‌مه مافی خه‌ڵكه سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام كه دوو ڕای جیا هه‌بن، ئه‌وا ڕامان وایه ئه‌م بابه‌ته له رێگه‌ی راپرسییه‌وه یه‌كلا بكه‌ینه‌وه؛ چونكه ئه‌مه ئیراده‌ی خه‌ڵكه و ده‌بێ موماره‌سه‌ی بكات و نامانه‌وێ لێیان بستێنینه‌وه.
(نێچیرڤان بارزانی) ده‌یشڵێت، "هیچ خیلافمان نییه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه كه بۆ پێك نایه‌ن.. 23ی حوزێران بۆ خۆسه‌پاندن بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌مان قبووڵ نه‌كردووه".
جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌و باوهڕهیشدایه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی هه‌رێم له‌به‌رچاو بگیرێ ئه‌وا ده‌توانرێ به‌سه‌ر كێشه‌كاندا زاڵ بین و كۆتایی به گفتوگۆكان بهێنین و ڕێككه‌وین.
(نێچیرڤان بارزانی) ئاشكرای كرد كه، شه‌وی 19ی مانگیش ڕێككه‌وتین، به‌ڵام به داخه‌وه لایه‌نه‌كان له رای خۆیان پاشگه‌ز بوونه‌وه.
