ئەنجومەنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چەند بریارێکی نوێی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چەند بریارێکی نوێی دەرکرد
ئەنجومەنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و تێیدا چەند بڕیارێکی نوێی لەسەر کۆی بەڕێوبەرایەتیەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەڕێوبەرایەتی چاکسازیەکان دەرکرد.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەت بە سەرپەرشی "محەمەد ھاودیانی" وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و تێیدا تیشک خرایە سەر راسپاردە و پێشنیار و کێشە و داواکاریەکانی ھاوڵاتیان لە بەڕێوبەرایەتیەکانی چاکسازیەکان و کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.

سەرەتا محەمەد ھاودیانی رایگەیاند: لە بارودۆخێکی وەک ئێستا کە رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بۆتەوە پێویستە بە روحیەتێکی لێپرسراوانەوە مامەڵە بکرێت، کۆچکردنی گەنجانیش بۆ دەرەوەی نیشتمان بەھەند وەربگیرێت و ھەلی کاریان بۆ فەراھەم بکەین و کێشە و کەم و کوڕیەکان لە چاودێری خێزان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان چارەسەربکەین، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەش ھەماھەنگیمان دەبێت لەسەر پرۆژەکانی پەروەردەکردن لە رێگای توێژەرانی کۆمەڵایەتیەوە.

دواتر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت گفتوگۆی کرد لەسەر ھەیکەلی وەزارەت کە لەلایەن لێژنەیەکەوە دارێژڕاوەتەوە و تێبینی و پێشنیارەکان خرانەڕوو بۆ پەسەندکردنی.

پاشان کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر کردنەوەی چەند سەنتەرێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان و دڵنیایی و دەستەبەرکردن لە قەزاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە سەنتەری قەزا و ناحیەکان.

تایبەت بە کردنەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی پارێزگای ھەڵەبجەش، ئەنجومەنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەسەر ئەو نووسراوەی پێشتر کردەوە کە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکە لە پارێزگاکە بکرێتەوە.

ھەرچی تایبەتە بە کرێکاری بیانیشەوە بڕیاردرا بەوەی کە ھێنانی کرێکاری بیانی مەرجدار بکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بە گەنجانی ناوخۆ بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا لە کۆبونەوەی سەرەتای مانگی داھاتوو کە نوێنەری ١٤ وەزارەت تێیدا بەشدار دەبن بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

ئەنجومەنی وەزارەت لەبارەی مامەڵەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکانەوە رایگەیاند ھەموو ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتیانەی کە لە پێشتر مووچەکانیان بڕدراوە دەتوانن سەردانی بەڕێوبەرایەتیەکانیان بکەن و رێنماییە نوێیەکان ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتنەوەی مووچەکانیان.

دواتریش راپۆرتی کار و چالاکیەکانی بەڕێوبەرایەتیەکان و داوکاری و کێشەو گرفتەکان کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە ھاتونەتە پێش خرایە روو.
Top