وەفدێكی باڵای پارتی سەردانی پێکهاتەکان دەكات

 وەفدێكی باڵای پارتی سەردانی پێکهاتەکان دەكات
وەفدێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێر سەردانی پێکهاتەکان دەكات، پەرلەمانتارێكی توركمانەكانیش رایدەگەیەنێ‌:" بۆچوونی خۆیان لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە پارتی گوتووە".

ماجد بازرگان سەرۆكی فراكسیۆنی هەولێری توركمانی لەپەرلەمانی كورستان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ 23ی ئاب وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی ‌و ئەندامێتی بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی، سەردانی ماڵی توركمانیان لەشاری هەولێر كردووە.

لەبارەی ئامانجی سەردانەكەش، ماجد بازرگان گوتی "سەردانێكی ئاسایی بوو، بەڵام باسی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا، بۆچوونی خۆشمان پێ‌ گوتن كە ئێمە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانین، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كە لەناو پەرلەمان بێت یاخود بەشێوازێكی دیكە، ئەوا پێمان باشە لەناو هاونیشتمانیان راپرسی بكرێت ‌و گەل چی بڕیاردا با ئەوە بێت".

بەپێی زانیارییەكانی ماجد بازرگان ژمارەیان لە هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی نەزانراوە، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق 9% دانیشتوان پێكدەهێنن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری توركمان كە بە ماڵی توركمان دەناسرێ‌، لەگەڕەكی تەعجیلی شاری هەولێرە رۆژانە بەشێك لە توركمانەكانی شاری هەولێر وەك سەنتەرێكی رۆشنبیری توركمانەكان سەردانی دەكەن.

هەروەها پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 23-8-2015 مەسرور بارزانی و شاندی پارتی سەردانی پێکهاتەی ئاشوورییەکانیان کرد لە هەولێر.










رووداو
Top