سەلاحەددین دەمیرتاش : پێویستە (پەكەكە) بە زووترین كات و بەبێ مەرج چەك دابنێ و چالاكییەكانیان رابگرن

سەلاحەددین دەمیرتاش :  پێویستە (پەكەكە) بە زووترین كات و بەبێ مەرج چەك دابنێ و چالاكییەكانیان رابگرن
هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان (HDP) داوا لە PKK دەکات بەبێ مەرج چالاکییە چەکدارییەکانیان لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا رابگرێت و پێیوایە AKP ناتوانێت بەگرتنی منداڵانی كورد لە كوچەو كۆڵانەكان تاوانەكانی خۆی بشارێتەوە.

سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ئیزمیر، رۆژی شەممە 22ی ئابی 2015 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ میدیاکاران لەبارەی بارودۆخی ئێستای توركیاو باكووری كوردستان، گوتی:" كورد و تورك، پۆلیس و سەرباز و گەریلا جیاوازیان نییە".

دەمیرتاش، گوتیشی "دەبێت PKK چالاكیە چەكدارییەكانی لە شارو چیاكان رابگرێت، AKPـەش ناتوانێت بەگرتنی منداڵانی كورد لە كوچەو كۆڵانەكان تاوانەكانی خۆی بشارێتەوە".

لە شەوی هەینی 25-7-2015 بۆ یەکەمجار لەدوای پرۆسەی ئاشتی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیانکردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان و ئەو هێرشانە تاوەکو ئێستایش بەردەوامە و گەریلاکانی پەکەکەیش چەندین چالاکی سەربازییان لەباکووری کوردستان ئەنجامداوە کە چەندین سەربازی تورکیا و گەریلای پەکەکە و خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی.

تورکیاش تەنیا رێگای گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی بە دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، رایگەیاند:" لەهەڵبژاردنی پێشوەختدا ئەوانە سەردەكەون كە لایەنگری ئاشتین، ئیتر AKP ناتوانێت ببێتە حزبی یەكەمین، لە هەڵبژاردنەكەی 7ی حوزەیراندا سەركەوتنەكانی HDP بوو، كە نەیهێشت AKP بەتەنیا وەك تاكە حیزب ببێتە دەسەڵاتدار".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی 1ی مانگی 11ی 2015ی بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەنجامەکان بەجۆرێک بوون چانسی پێکهێنانی حکومەت بەر هیچ کام لە حیزبەکان نەكەوت، بۆیە پارتی داد و گەشەپێدان ئاكپارتی كە بووە خاوەنی 258 كورسی، هەوڵی پێكهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دا.

لەو هەڵبژاردنەدا پارتی گەلی كۆماری CHP بووە خاوەنی 132 كورسی، پارتی دیموكراتی گەلان HDP و پارتی نەتەوەیی توركیا MHP بوونە خاوەن 80 كورسی.










رووداو
Top