ئهمڕۆ پێنجشەممە، (دیلەک خەتیب ئۆغڵو) هاوسەرۆکی شارەوانی پارێزگای جۆلەمێرگ(هەكاری) لە باکووری کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کرا. دەستگیرکردنی (خەتیب ئۆغڵو) لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دوای ئەوە دێت کە شارەوانی جۆلەمێرگ خۆسەری راگەیاند. لەگەڵ پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان پارتیی کرێکارانی کوردستان PKK و سوپای تورکیا لە ژمارەیەک لە شارۆچکەکانی باکووری کوردستان خۆسەری راگەیێندرا. ئەمەش پێکدادانی زیاتری بە دوای خۆیدا هێنا، کاتێک سوپای تورکیا دەیان ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ئەو شارۆچکانە ساز کرد. لەو هەڵمەتەی پۆلیسی تورکیادا بێ لە (دیلەک خەتیب ئۆغڵو)، (نوروڵڵا چیفتچی) ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیش دەستگیر کراوە. هەردوو (خەتیب ئۆغڵو و چیفتچی) براونەتە بەردەم جێگری داواکاری گشتیی جۆلەمێرگ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.