دیندار نەجمان دۆسکی: پارتی لە بادینان هەڕەشەی لە پەرلەمانتارانی یەکگرتوو نەکردووە

 دیندار نەجمان دۆسکی: پارتی لە بادینان هەڕەشەی لە پەرلەمانتارانی یەکگرتوو نەکردووە
ئەندامی سەرکردایەتییەکی دەستلەکارکێشاوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بادینان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بادینان هیچ هەڕەشە و فشارێکی نەکردووەتە سەر پەرلەمانتارانی یەکگرتوو.

دیندار نەجمان دۆسکی، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند "پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ هەڕەشە و فشارێکی نەکردووەتە سەر پەرلەمانتارەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە بادینان".

دیندار نەجمان دۆسکی، کە بەهۆی بەشدارییکردنی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئیسلامی لە دانیشتنی 23حوزیرانی پەرلەمانی کوردستان دەستی لە حزبەکەی کشاندەوە، دەڵێت "پارتی دیموکراتی کوردستان، مافی خۆیەتی قەناعەت بە پەرلەمانتاران بهێنێت و بۆچوونی خۆیانی بۆ روونبکاتەوە لەبارەی پرسێکی واگرنگ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە و فشاری نەکردووەتە سەر پەرلەمانتارانی یەکگرتوو لە بادینان، بەڵکو ٤ پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە بادینان و پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە هەولێر خۆیان پێیان باش بووە بەشداری لە دانیشتنە نەکەن".

دیندار نەجمان دۆسکی، دەپرسێت "ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان، فشار و هەڕەشەی کردبایە، ئەوا چۆن لە دانیشتنی ٢٣ حوزەیرانی پەرلەمانی کوردستان، دوو پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە بادینان بەشداریان لە دانیشتنەکە دەکرد؟".

راشیگەیاند "تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە بەم شێوەیە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و پرۆسەی سیاسی نەبوو، بەڵکو دەبێت ئەو پرسە بە سازان و گفتۆگۆ چارەسەر بکرێت".

دیندار نەجمان دۆسکی، پێیوایە ئەوەی بەرامبەر بە یەکگرتووی ئیسلامی دەگوترێت "ناحەقییە".

ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە (رووماڵی تایبەتی رووداو) بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە "ئەو ویستوویەتی هەموو ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام نەیتوانیوە قەناعەتییان پێبکات".

ئەبوبەکر هەڵەدنی گوتی"یەکگرتوو لە بادینان و سلێمانی ئەندامی هەیە و ئەندام پەرلەمانەکانی یەکگرتوو لەناوچەی بادینان لەژێر هەڕەشەدابوون"، بەڵام پێیوابوو ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە نوێنەرایەتی راستەقینەی ویستی ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتوویان کردووە لە بادینان.









رووداو
Top