سامانە سروشتییەکان: عەلی حەمەساڵح نێوەندگیریی بۆ کۆمپانیا خەلیجییەکان کردووە

سامانە سروشتییەکان: عەلی حەمەساڵح نێوەندگیریی بۆ کۆمپانیا خەلیجییەکان کردووە
وەزارەتی ساماەن سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی لێدوان و گوتەکانی ئەم دواییانەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لەبارەی هەوڵەکانی سامانە سروشتییەکان لە بواری نەوت و غازدا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەسەر روونکردنەوەی وردیخستووەتەڕوو.

لە روونکردنەوەکەی سامانە سروشتییەکاندا بە وردی باسی مەسەلەکە کراوە و بە خاڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن خراوەتەڕوو.


دەقی رووونکردنەوەکە:

روونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان سەبارەی بە لێدوانە چەواشەکارەکانی پەلەمانتار عەلی حەمە ساڵح

لە چەند مانگی رابردوودا پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، کە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازە لە پەرلەمانی کوردستان، بەردەوام فشاری خستووەتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ گروپێک لە خاوەنکار کە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بوو بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار پێشەکی یان قەرز لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوتدا.

ئەو خاوەنکارانە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەستیان دەگات بە بڕێکی زۆری پارەی تایبەتی کەسێکی زۆر دەوڵەمەندی وڵاتانی کەنداو.

بەڵام پێدەچوو بەڕێز عەلی حەمەساڵح کۆشش و لێکۆڵینەوەی خۆی نەکردبێت لەسەر ئەم خاوەنکارانە چونکە پاش لێکۆڵینەوەی زیاتر نەتوانرا بانگەشەکانیان و بەڵگەنامەکانی باوەڕپێکردنیان دووپات بکرێتەوە.

بەڕێز عەلی حەمە ساڵح بەردەوام فشاری لە بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکرد بۆ بینینی ئەم کۆمەڵە خاوەنکارە. لە وەڵامدا، بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان چەندین جار داوایان لە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح کرد کە بەڵگەنامەکانی باوەڕپێکردنیان دووپات بکاتەوە تاکو بە تەواوەتی بزانن لەگەڵ کێدا کۆ دەبنەوە و ئیحراجیی دروست نەبێت.

هەموو جارێک بەڕێز عەلی حەمە ساڵح وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی دڵنیا دەکردەوە سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی باوەڕپێکردنی ئەو خاوەنکارانە و دەربارەی بوونی ئەو بڕە پارەیە هەرچەندە هیچ بەڵگەنامەیەکی دارایی و بەڵگەنامەی تر بۆ پشتگیرکردن لە بانگەشەکانی دەستەبەر نەکران.

پاشان بەڕێز عەلی حەمە ساڵح بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی راگەیاند کە رازی نەبوونی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ بینینی ئەو خاوەنکارانە لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە پێشنیارەکە لەوەوە هاتووە وەک ئەندامێکی بزووتنەوەی گۆڕان و بەمەش وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی بە تەرەفگیر لەقەڵەم دەدا.

بەڵام بۆ پیشاندانی نیازپاکی بەرامبەر بە بەڕێز عەلی حەمەساڵح و دڵنیاکردنەوەی کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پیشەییە و تەرەفگیری سیاسی ناکات لە رێبازیدا بۆ ئەنجامدانی کار، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە نابەدڵیەوە چاوی کەوت بە کۆمەڵە خاوەنکارە هاوڕێکەی بەڕێز عەلی حەمەساڵح لە لەندەن.

کۆبوونەوەکە لە چەند ژوورێکی بەکرێگیراودا ئەنجامدرا نەک لە نووسینگەیەکی رەسمیی خاوەنکارەکاندا چونکە لە راستیدا نەیانبوو.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان جەختی کردەوە لەوەی کە راوێژکارە یاساییە نێودەوڵەتیەکەی ئامادە دەبێت. خاوەنکارەکان خۆیان وەک نوێنەری بەرژەوەندیە داراییەکانی کەسێکی دەوڵەمەندی کەنداو ناساند، بەڵام نەیان توانی بیسەلمێنن.

بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیان راگەیاند، بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی پارەی پێشوەخت بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار لە بەرامبەر هەناردەی نەوتی خاودا مسۆگەر بکەن، پێویستە یەکەم جار حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ملیار و نیوێک دۆلار بخاتە سەر حسابی بانکیی ئەو خاوەنکارانە.

سەرەڕای ئەمە، خاوەنکارەکان داوای داشکاندنیان کرد بە بڕی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان.

ئەم مەرجانە دەستبەجێ بووە جێی گومانی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و پاش کەمێک کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا بەبێ هەبوونی هیچ بەرنامەیەک بۆ درێژەدان بەو بابەتە.

لەوە دەچوو بەڕێز عەلی حەمە ساڵح نیگەران بووبێت لەو بڕیارەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و جارێکی تر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئەو خاوەنکارانە بوونیان هەیە و پارەشیان بەدەستە، بۆیە وەک بەهەڵە لێک تێگەیشتن لێکی دایەوە.

پاشان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستی کرد بە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکردن لە بەڵگەنامەکانی باوەڕپێکردن و پێشینەی ئەو کۆمەڵە خاوەنکارە – پرۆسەیەک کە بەڕێز عەلی حەمەساڵح وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی لێ دڵنیا کردبووەوە کە خۆی ئەنجامی داوە پێش ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رازی بێت بە کۆبوونەوەکە.

لێکۆڵینەوەکە، کە لەلایەن لایەنێکی شارەزا و بێلایەنەوە ئەنجام درا، ئەمانەی خوارەوەی ئاشکرا کرد:



هیچ بەڵگەیەک نەبوو کە ئەو گروپە بەناو خاوەنکارە پشتگیریان دەکرێت لەلایەن پارەی راستەقیەنەی هیچ کەسێکەوە.



هیچ یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە ئەزموونێکی زانراویان نییە لەسەر بازرگانی یان دارایی نەوت لەبەرئەوە بێ هیوایانە شیاو دەرنەچوون.



ئاشکرا بوو کە ئەندامێکی گروپەکە تێوەگلاو بووە لە غەشکردن لە شوناسدا لە وڵاتی نایجیریا.



ئەندامێکی تری ئەو گرووپە پەیوەندیی کاری هەیە لەگەڵ پیشەسازییەکی بواری بەرگری لە ئەمریکا، و لانیکەم هەشت داوای یاساییی لەلایەن چەند شەرێکێکی پێشووی کارەوە لە دژی تۆمارکراوە.



سێهەم ئەندامی ئەم گرووپە دەستگیر کراوە و لە ئەمریکا حوکمدراوە لەسەر ساختەکاری.


لەبەر رۆشنایی لێدوانە چەواشەکارەکانی ئەم دواییەیدا، پێدەچێت ئیتر کاتی ئەوە هاتبێت کە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح چاو بخشێنێتەوە بە توانست و کەفائەت و دەستپاکی و ساویلکەیی خۆیدا و بۆ رای گشتی روونبکاتەوە بۆچی داکۆکی کردووە لەوەی کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەستێت بە ئەنجامدانی مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاری گوماناویدا – چەند مامەڵەیەک کە لەوانەبوو چەندین ملیار دۆلار لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکەوێت و ببوایەتە مایەی لەکەدارکردنی پایەی نێودەوڵەتی وەزارەت و بەفێڕۆدانی کاتی حکومەت. پێویستە روونی بکاتەوە چۆن چاوی بەو کۆمەڵە خاوەنکارە کەوتووە.

بەڕێز عەلی حەمەساڵح هیچ ئەزموونێکی لە پیشەسازیی نەوت و غازدا نیە، بەڵام پۆستەکەی خۆی بە خراپی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز رەخنە لە سیاسەتەکانی نەوت و غازی حکومەتی هەرێم بگرێت.

هەرچەندە ئەو بە “حاسبە” ناوی دەرکردووە، بەڵام باس لە کۆمەڵە ژمارەیەکی ناڕاست دەکات کە هیچ دەرەنجامێکیان لێ ناکەوێتەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و لە پێناو مەبەستە سیاسیەکانی خۆیدا.

هەروەها بەڕێز عەلی حەمە ساڵح سووربوونی خۆی پیشانداوە لە فشارکردن بۆ رازیکردنی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەک لە نزیک دەریاچەی دووکان.

پاش رەچاوکردنێکی پیشەوەرانە، ئەم جۆرە پاڵاوگەیە لەسەر بنەمای ژینگەیی و ئابووری دروست خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە. بەڵام بەڕێز عەلی حەمە ساڵح هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر بنەمای تەرەفگیری سیاسی ئەنجامدراوە.

لەوانەیە پێویست بکات بەڕێز عەلی حەمە ساڵح روونی بکاتەوە بۆچی هێند پشتگیری لەو پرۆژەی پاڵاوگەیە دەکات کە دەشێت ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە ژینگە و و هیچ مانایەکەی داراییشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە. کەواتە لە بەرژەوەندیی کێ هەڵسوکەوت دەکات؟

وەک ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز، بە دڵنیاییەوە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح بەرپرسیارێتی لەسەر شانە بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردستان بۆ ئەوەی شەفاف بێت دەربارەی ئەو هۆکارانەی لە پشت چالاکیەکانیەوەیەتی لە پەیوەندیدا بە نەوت و غازەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ پەرلەمانتارە بەڕێزەکان بە تایبەتی ئەندامانی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی کوردستان. پێمان باش بوو کە بەڕێز عەلی حەمە ساڵح پێش ئەوەی لێدوانی چەواشەکارانە بدات و رای گشتی بە هەڵەدا بەرێت، پرسیارەکانی ئاراستەی وەزارەت بکردایە بۆ ئەوە وەڵامی راست و دروستی دەست بکەوێت.

تێبینی: ئەم روونکردنەوەیە لە نامەیەکدا بە ڕەسمی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
Top