مالیكی تا هەتاهەتایی زیندانیكردنی دەكرێت

مالیكی  تا هەتاهەتایی  زیندانیكردنی دەكرێت
له‌كاتێكدا په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ناردنی ڕاپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌وتنی موسڵ بۆ داواكاری گشتیی دا، سه‌رچاوه‌ یاساییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌مترین سزایه‌ك بۆ مالیكی، له‌به‌رانبه‌ر تۆمه‌ته‌كانی ڕاپۆرته‌كه‌دا، ئه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ زیندانی بكرێت. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ مالیكی گه‌وره‌ترین به‌رپرسه‌ له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌تۆمه‌تییان ئاراسته‌ كراوه‌.

“ئه‌حمه‌د عه‌بادی” ڕاوێژكاری یاسایی، به‌ڕۆژنامه‌ی”شه‌رقولئه‌وسه‌ت”ی ڕاگه‌یاند: ” ئه‌گه‌ر یاسا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست وڕه‌وان جێبه‌جێ بكرێت، كه‌مترین سزایه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر مالیكی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وه‌یه‌ پاشماوه‌ی ژیانی له‌به‌ندیخانه‌دا به‌سه‌ر به‌رێت”.

گوتیشی: ” ئه‌گه‌ر به‌تۆمه‌تی ناپاكی گه‌وره‌ش دادگایی بكرێت، ئه‌وا سزاكه‌ی ده‌گاته‌ ڕاده‌ی له‌سێداره‌دان”.

لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ چوار تۆمه‌تی ئاراسته‌ی مالیكی كردووه‌، له‌وانه‌: ” هیچ بۆچونێكی ڕوون وئاشكرای نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕاده‌ی مه‌ترسیی دۆخی ئه‌منی له‌نه‌ینه‌وا” هه‌روه‌ها ” دانانی فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌ی بێ توانا له‌و شاره‌دا”. یه‌كێكی تر له‌تۆمه‌ته‌كان: ” پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ دروستكردنی سوپایه‌كی عێراقی به‌توانا”دوا تۆمه‌تیش بریتییه‌ له‌: ” له‌پاش داڕوخانی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان، بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نه‌دا، سه‌رله‌نوێ یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌ پاشه‌كشه‌ كردووه‌كانی ڕێك نه‌خسته‌وه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ڕێگه‌چاره‌كانی مالیكی بۆ خۆپاراستن له‌و دادگایی كردنه‌، ئه‌و ڕاوێژكاره‌ یاساییه‌ ده‌ڵێت: ” مالیكی هه‌وڵ ده‌دات بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان وه‌ك ئه‌ندام، ئه‌ندام په‌رله‌مانیش حه‌سانه‌ی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر ئه‌و حه‌سانه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت”.










باسنیوز
Top