وەزیری ئەوقاف ژنێک بە ئیمام دادەمەزرێنێت

وەزیری ئەوقاف ژنێک بە ئیمام دادەمەزرێنێت
سەرەڕای راگرتنی دامەزراندنی فەرمانبەران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ھۆی قەیرانی دارایی و ھەروەھا بڕیاری دامەزراندن بە ئاشکرا و لە رێگەی (cv) بەڵام وەزیری ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین کەسی بە گرێبەست دامەزراندووە، کە یەکیان ژنێکە بەناونیشانی ئیمام (پیشنویژ) دامەزراوە، سەرۆکی یەکێتیی زانایانیش پێیوایە ئەوە کارێکی ناشەرعی و نایاساییە کە وەزیری ئەوقاف کردوویەتی.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە رێکەوتی 24/6/2015دەرچووە، بڕیار دراوە بە دامەزراندنی 28 کەس بە ناونیشان و پلەی جیاواز بە گرێبەست کە تیایدایە ئافرەتێک بە ناوی (ب، ە) بە پلەی ئیمام (پێشنویژ) دامەزراوە.

بەپێی زانیاریەکان وەزارەتی ئەوقاف ھیچ بانگەوازێکی بۆ دامەزراندن نەکردووە، واتە وەرگرتنی ئەو کەسانە لەسەر بنەمای دیکە بووە.

دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە لەکاتێکدایە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چەندین بەڕێوەبەرایەتی، دامەزراندنی گرێبەستەکانی بە بەھانەی نەبوونی پارەوە ھەڵوەشاندووەتەوە.

کەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رای گەیاند، ئەوانە دامەزراندن نین گرێبەستن، گوتیشی: “راستە ئەوانە دامەزراون، بەڵام بە گرێبەستن”.

لەبارەی دامەزراندنی ئەو ئافرەتەشەوە کە پلەکەی ئیمامە ھێمای بۆ ئەوە کرد، پلەکەی ئەو (خادم)ـە، نەوەکو (ئیمام).

بەڵام بەپێی ئەو بەڵگە نووسراوەی دەست کەوتووە، لە بەرانبەر بە ناوی ناوبراو، پلەکەی نووسراوە و لە نووسراوە فەرمییەکەدا کە وەزیری ئەوقاف جەختی لەسەر کردەوە کە ساختە نییە و فەرمییە، نووسراوە (ئیمام) واتە پیشنویژ.

لەمبارەیەوە مەلا عەبدوڵڵا سەعید وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستانگوتی: زۆربەی زانایان پێیانوایە کە ئافرەت ناتوانێ ئیمام بێت، ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف کارێکی نایاساییە و ھیچ دەقێکمان نییە لە یاسا کە ئافرەت بە پێشنوێژ دابمەزرێ”.

سەرۆکی یەکێتیی زانایان راشی گەیاند، کە ئەنجومەنی زانستی دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە کە ناونیشانی ئیمام ببەخشێ بە کەسێ، کە دەرچووی شەریعە یان دەرچووی پەیمانگا زانستییەکان بێت، جگە لەوەش دەبێ مامۆستایەکی ئایینی مۆڵەتی پێ بدات، لە ئەنجومەنی زانستیش لە تاقیکردنەوە دەربچێ، ھیچ دەقێک نییە لە وەزارەتی ئەوقاف رێگە بە وەزیری ئەوقاف بدات ئافرەت بکات بە پێشنوێژ، ئەو ئافرەتە کە وا دانراوە پێچەوانەی یاسا و سەرپێچیکردنە”.

بەڵام مامۆستای ئایینی عومەر چنگنیانی ئاماژەی بەوە دا، بەپێی شەرعی ئایینی ئیسلام ئافرەت دەتوانێ بۆ ئافرەتی دیکە پێشنوێژی بکات و ببێت بە ئیمام بەڵام ناتوانێ بۆ پیاوان بێت.

بیرمەندی ئیسلامیش جەمال بەننا لە دیمانەیەکی چەند سالیک لەمەبەریدا بۆ (العربیەنیت) ئاماژەی بەوە داوە، جیاکردنەوەی ھەردوو رەگەز پڕۆسەیەکی نادروستە و دەکرێ ژن پێشنوێژی بۆ پیاوان بکات.

دەڵێت: “ئەگەر ھاتوو ژنێک لە پیاوەکان زاناتر بوو ئەوە مافی پێشنوێژیکردنی لە ئایینی ئیسلامدا پێ دراوە، تەنیا دەبێت پابەند بێت بە مەرجەکانی پێشنوێژییەوە”.












باسنیوز
Top