نوجەیفی دوعا بۆ کوردستان و بارزانی دەکات
ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ”موتەحیدون بۆ چاکسازی“ لە پەرلەمانی عێراق و جیگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، لە پەیامێکدا، کە بۆ بارزانی ناردووە، پیرۆزبایی لێدەکات بە بۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوعا دەکات، کە کوردستان ”زیاتر پێشبکەوێت“.
ئوسامە نوجەیفی هەروەها رایدەگەیەنێت، کە ”رۆڵی مێژوویی حزبەکەتان لە چەند دەیەی رابردوو، بووەتە هۆی دروستبوونی بنەما نەگۆڕەکانی پێکەوەژیان و گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ریزی شار و ناوچە پێشکەوتووەکانی جیهان، بە دونیا بینینی ئێوە“.
ئەو سەرکردەیەی سوننەکانی عێراق لە پەیامەکەیدا، کە لەلاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەشەڕی هێزەکانی پێشمەرگە و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکات و پێیوایە رۆڵی بارزانی لەو شەڕەدا گرنگ بووە.
نوجەیفی هەروەها هیوای ”سەرکەوتن“ بۆ بارزانی دەخوازێت و ئومێدیش دەکات، پارتی لە بەدەستهێنانی ”ئامانجەکانی بۆ خزمەتی گەلی کورد“ سەرکەوتوو بێت.
باسنيوز
