ئاسایشی کەرکووک دەستگیركردنی 90 كەسی راگەیاند

 ئاسایشی کەرکووک دەستگیركردنی 90 كەسی راگەیاند
ئاسایشی کەرکووک دەستگیركردنی 90 كەسی لەماوەی 40 رۆژدا بە چەندین تۆمەتی جیاواز راگەیاند.

فەرهاد حەمە عەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ''بە هاوکاری هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک، ژمارەیەکی زۆر لە داواکراو و چەکداری داعش و قاچاخاچی لەنێوان کەرکووک و سنوورەکانی داعش کە ئەوان خەڵکیان لەو ناوچانەوە بۆ دەهێنا بۆ کەرکووک دەستگیرکراون''.

فەرهاد حەمە عەلی، ئامارێکی رادەستی تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە تایبەتە بە ژمارەی ئەو کەسانەی ئاسایشی کەرکووک لە 1/7/2015ەوە تاوەكو 1/8/2015 دەستگیریکردوون و تێیدا هاتووە'' پێنج کەس بە ماددەی 4ی تیرۆر، 2 چەکداری داعش و 48 داواکراو له‌لایه‌ن دادگا و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه، لەگەڵ 6 گومانلێکراوی دیکە و 4 تاوانبار بە ماددەی 406، هەروەها 6 زیندانی هەڵهاتوو لە زیندانەکانی موسڵ و تکریت دەستگیركراون''.

لەنێو ئامارەکەدا ژمارەیەک کەس بەتۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکراون، هەندێکیان خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتەوە نێو کەرکووک و ژمارەیەکی دیکە خۆیان دزەیان کردووەتە نێو شارەکەوە، لە ئامارەکەدا هاتووە ''5 قاچاخچی كه خه‌ڵكیان له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشه‌وه ده‌هێنا بو سنووری كه‌ركووك، لەگەڵ 8 کەسی دیکە کە به قاچاخ له‌سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشه‌وه هاتبوونه كه‌ركووك دەستگیركراون''.

لە نێو ئەوانەشدا ''6 کەس بەتۆمەتی دزی و بە ماددەی 446 دەستگیرکراون، کەسێکی دیكەش كە مامەڵەی ساختەی بە دراوەوە کردووە و کەسێکی دیکەش هاووڵاتیانی لە خشتە بردووە و فێڵی لێیان کردووە''.








رووداو
Top