فازڵ میرانی: پارتی ناکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەتی هیچ لایەنێکەوە
“فازڵ میرانی” سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلێدوانێکداراگەیاند: دۆخی ناوچەکە بەرەو نادیاری هەنگاو دەنێت، نازانرێت هاوکێشەکان چیان بەسەردێت، بەتایبەتی ئاگرەکانی دەوروپشتمان، شەڕی پەکەکە و تورکیا لەم لاشەوە لە ڕۆژهەتی کوردستان هێرشی پژاک و ئێران و بۆمبارانکردنی سنورەکانی کوردستان، لێرەشەو مامەڵەی خراپی حکوومەتی عێراق، لەگەڵ هەرێمی کوردستان و قەیرانی بودجە وایی کردووە کە دۆخەکە رێڕەوی سروشتی خۆی لایداوە، گوتی: “ئەو قەیرانەی ئێستا ئێمە تێیدان بۆ چەند فاکتەرێک دەگەرێتەوە کە فاکتەری سەرەکی ئەو بی متمانەیەیی لایەنەکان بوو کە لە ٢٣ حوزەیران لە پەرلەمان ئەنجامیاندا و جۆرێک بوو لە دوورکەوتنە لە سازان خاڵی دواتر خۆ فەرزکردنی ئیرادەی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکە.
گوتیشی: “پارتی لێژنەیەکی بۆ گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان دروستکردووە، بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگریی سەرکی پارتی و چەند کەسێک. وەک پارتی دوو رێگامان بۆ گفتووگۆ هەڵبژاردووە، رێگای یەەم دیالۆگە و نەرمی نواندنە، لە پێناوی سازان رێگای دووەم بەتوندی دەست گرتنە بە پرەنسیبی ئەوەی کە کەس نەتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر ئێمەدا فەرز بکات و ناشچینە ژێر کاریگەری هیچ لایەنێکەوە”.
راشیی گەیاند: پارتی لەسەر بنەمای مەبدەئو سازان کاری جددی کردووە، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەر لە پێکهێنانی حکوومەت و چۆنیەتی دابەشکردی وەزارەتەکان، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوامی بەکاری سیاسی خۆی دەدات تا ئەو کاتەی سەرجەم لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن.
دەشڵێت: “پارتی بەزۆر قەیراندا دەربازی بووە، بەتایبەتی لە قۆناغی وادا کە ژێرەوەی کراوە بە بۆمب بۆ ئەوەیی پێیدا بتەقێتەوە بەڵام دواجار پارتی و پارتییەکان قازانجیان کردووە لەسەر جەم ئەو موئامەرانەی بەسەریان کراوە، ئێستاش ئامانجی پارتی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم تەنیا خزمەتکردنە و هیچی دیکە چونکە قۆناغەکە زۆر هەستیارە پێویستیی بە کاسایەتیەکی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی هەیە بەتایبەتی بارزانی لە ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان بۆتە ناوەندێکی گرنگ، چونکە جیا لەوەی بارزانی کەسایەتی بەهێزە لەهەمان کاتدا لە ئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتیش زۆر سەرکەوتوانە کاری کردووە.
لەبارەی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، کە داوای کردبوو لایەنەکان بگەنە سازان و پێکەوە گرفتەکان چارەسەر بکەن، میرانی ئەوەی خستەروو: پەیامیی سەرۆک بارزانی روون و ئاشکرایە دەبێت لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و سازان لەنێوان خۆیاندا بکەن بەتایبەتی ئەم پەیامە بۆ چەند لایەنێک نەبووە ئاراستەی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکان و حکوومەت و پەرلەمان کراوە، ئێستاش ئەم بارودۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لەوە زیاتر هەڵناگرێت کە ئێمە گرفتەکان لەنێوان خۆمان گەورەتر بکەین، چونکە ئەگەر خۆمان گرفتەکانی خۆمان چارەسەر نەکەین ئەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کێ لەم قەیرانانە رزگارمان دەکات؟ باوەڕ بە کێ بکەین، گرفتەکانیمان چارەسەر بکات، بۆیە ئێمە وەک هەمیشە داوادەکەین کە لایەنەکان بە دەنگ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانییەوە بێن و بەخێرا گفتووگۆ لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت،تا هەرێمیی کوردستان لەم قەیرانە رزگار دەبێت.
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەشدا لەوە دەچێت ئێستا هەندێک لایەن بیانەوێت خەڵک بەرەو ئاراستەی دیکە بەرن و لەشتە سەرەکییەکان دووربان بخەنەوە، بەڵام لە راستیدا دووشت هەیە ئەوانیش هێزی مەنتیق و مەنتقیی هێز پارتی لە دۆخی مەنتقی خۆیدایە، لەوە دەچێت لە دۆخێک لە دۆخەکان یان لە کاتێک لە کاتەکان هەڵکشان و داکشان لەسەر دۆخە سیاسییەکان هەبێت، بەڵام پارتی لە نێوان مەنتقیی هێزیی خۆیی دەمێنێتەوە، ناکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەتی هیچ لایەنێک و هیچ دەولةتێک، بۆیە ئاسایییە لەم لاو لەولاوە گرفتێکی بۆ دروست بکرێت، بەڵام دواجار بە قازانج دەشکێتەوە، چونکە هەم پارتی دیموکراتی کوردستان هەم کادیرو ئەندامانی پارتی باوەڕیان بە سەرکردایەتی و سەرۆکی خۆیان هەیە.
باسنیوز
