محەممەدی حاجی مەحموود: لایەنەکان بەخیلی بە سەرۆك بارزانی دەبەن

محەممەدی حاجی مەحموود: لایەنەکان بەخیلی بە سەرۆك بارزانی دەبەن
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە بەشێکی قەیرانبەکانی کوردستان پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە لایەنەکان بەخیلی بە بارزانی دەبەن.

محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر هەتا 19ـی ئابیش حزب و لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەوا ”دنیا خراپ نابێت“ و پێیوایە حزبە سیاسییەکان حکوومەتیان بە سازان ثێکهێناوە و دەبێت بەوشێوەیەش چارەسەری بکەن.

محەممەد حاجی مەحموود، کە زۆرجار بە ”کاکە حەمە“ش بانگدەکرێت، باس لەوەشدەکات، کە ناوەڕۆکی بابەت و کێشەکە لەسەر کەسایەتی بارزانییە و ئەو حزبانە ئامانجیان لەم قەیرانەدا، ”دوورخستنەوەیەتی“ لە پرۆسەی سیاسیی.

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو کەسایەتییانەی بەشدارن لە دروستبوونی ئەم قەیرانەی ئێستا، ”بەخیلی“ بە بارزانی دەبەن، یاخود شەڕی ”بەوەکالەت“ دەکەن و بەشێکیشیان بە ”قۆستنەوەی فرسەت“ی قەیرانی دارایی و شەڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، دەیانەوێ بەرامبەرەکەیان ناچار بکەن ”تەنازول“ بکات.

محەممەدی حاجی مەحموود، کە فەرماندەی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعش، پێیوایە چوار لایەنەکە (یەکگرتوو، کۆمەڵ، گۆڕان و یەکێتی) بەدیلیان نییە بۆ بارزانی و لە ئەگەری هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیش لە پەرلەمان، وەک ئەوەیە بڵێن ”بارزانی بەدیلی ئێمەیە“.

بەپێی گوتەکانی کاکە حەمە، ئەگەر بارزانی سەرۆکی هەرێم نەبێت، ”لەوانەیە کۆمەڵێک کێشە دروستبێت و بوونی ئەو پێوسیتییە“ تا خوولی داهاتووی هەڵبژاردن.









باسنيوز
Top