عەلی قازی: تا لایەنەكان رێك نەكەون، لە پەرلەمان ناڕۆمە دەرەوە

 عەلی قازی: تا لایەنەكان رێك نەكەون، لە پەرلەمان ناڕۆمە دەرەوە
(عەلی قازی) كوڕی پێشەوا (قازی محەممەد) سەرۆككۆماری كوردستان، وەك هەڵوێستێك لە بەرانبەر لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەو قەیرانە سیاسییەی رووی لە پەرلەمانی كوردستان كردووە، بڕیاری داوە تا لایەنەكان نەگەنە ئەنجام، ئەو هەر لە پەرلەمان دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە (عەلی قازی) كوڕی پێشەوا (قازی محەممەد) سەرۆككۆماری كوردستان و، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد، ئەو لە هۆڵی پێشوازیی پەرلەمان كورسییەكی داناوە و لە بەردەم وێنەی (بارزانی نەمر) دانیشتووە وەك ناڕەزایی لە هەمبەر رەوشی سیاسی لە كوردستان.
(عەلی قازی) دەڵێت: "لە پەرلەمان دەمێنمەوە تا لایەنەكان دەگەن بە رێككەوتن و سەردانی هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمانیشم نەكردووە و، نامەوێت سەردانیان بكەم، بەڵكە دەمەوێت لێرەوە پەیامی ئەوەیان پێ رابگەیەنم كە باشووری كوردستان ماڵی هەموومانە و ئێمەیش تەنیا ئێرەمان بە دەستەوەیە، ئەگەر ئێرەیشمان لێ تێك بچێت، ئەی كورد كوێی بە دەستەوە دەمێنێت".
Top