فوئاد مەعسوم پیرۆزبایی لە بارزانی دەکات

 فوئاد مەعسوم پیرۆزبایی لە بارزانی دەکات
سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یادی لەدایکبوونی لێدەکات.

فوئاد مەعسوم سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت:" هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتییە تێكۆشەرەكەتان دەرفەتێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی بە حیكمەتی جەنابتان هەموو كۆشش و هەوڵەكان بخرێنە گەڕ، لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی خەمخۆرانە بۆ ئەو قەیران و مەترسییانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانییان گرتووەتەوە".

دەقی پەیامەکەی فوئاد مەعسوم بۆ مەسعود بارزانی...

برای بەرێز جەنابی كاك مەسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە بۆنەی یادی شەست و نۆ ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان پارتی دیموكراتی كوردستان و لە دایكبوونی جەنابتانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەو لە رێگەی بەرێزیشتانەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم و ، بە هیوام پارتییە خەباتگێرەكەتان هەردەم لە پێشكەوتن و سەركەوتن دا بێت لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكان دا كە دیارە قوربانییەكی زۆری بۆ دراوە .

یادی ئەمساڵی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكاتە لە گەڵ كۆمەڵێ پێشهات و گۆرانكاریی و قەیرانی جۆراوجۆر لە عیراق و هەرێمی كوردستانیشدا كە خۆیان لە جەنگی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی و تەنگژەی سیاسی دا دەبیننەوە ، بۆیە ئەمرۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە یەكریزیی و هەماهەنگیی و كاری پێكەوەیی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەكان و زامنكردنی سەركەوتن بە سەر هەموو قەیران و تەنگژەكان دا، كە دیارە رۆڵی جەنابتان لەو چوارچێوەیەدا رۆڵێكی دیار و بەرچاوە .

هیوادارم ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ چركردنەوەی هەموو توانا و هەوڵەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان دا لە پێناو راماڵینی تیرۆریستان و سەرخستنی پرۆژەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانە سیاسییەكان و هێنانەكایەی خواست و ئامانجەكانی كۆمەڵانی خەڵك لە هەموو رووەكانی خزمەتگوزاریی و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پاراستن و پەرەپێدانی دەستكەوتە مەزنەكانی گەلەكەمان .

لە كۆتایی دا هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتییە تێكۆشەرەكەتان دەرفەتێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی بە حیكمەتی جەنابتان هەموو كۆشش و هەوڵەكان بخرێنە گەر, لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی خەمخۆرانە بۆ ئەو قەیران و مەترسییانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانییان گرتووەتەوە . هەر شاد و سەركەوتوو بن.

براتان
فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆماری عیراق
15ی ئابی 2015
Top