ئەڵمانیا: سەربازەکانمان لە تورکیا دەکێشینەوە و لە هەولێر بەردەوامدەبین

 ئەڵمانیا: سەربازەکانمان لە تورکیا دەکێشینەوە و لە هەولێر بەردەوامدەبین
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە تورکیا داوە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشیش پشتگیرییەکانی بۆ کورد بەردەوام دەبێت.

بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی ناتۆ کە لە مانگی تەمموز ئامادەکراوە بۆ هەڵسەنگاندنی بوونی مەترسی لە سەر خاکی تورکیا، ئەمڕۆ 15-ی ئاب، وەزارەتی بەرگری بڕیاریدا کۆتایی بە ئەرکی سوپاکەی لە تورکیا بهێنێت ئەمەش، دوای تێپەربوونی سێ ساڵ.

مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2012، ‌تورکیا داوای لە ناتۆ کردبوو بە کردەوە هاوکاری پاراستنی سنووری نێوان وڵاتەکەی و سووریا بکەن، بە هێرشی مووشەکی جۆری بالستیک چونکە ئەگەری هێرشکردن لە نێو خاکی سووریا بۆ سەر تورکیا هەیە. لە بەرامبەردا ناتۆ لە مانگی 12-ی هەمان ساڵ بڕیاریدا هێزیکی هاوبەشی پێکهاتوو لە سوپای ئەڵمانیا، ئەمریکا، هۆڵەندا و لەم ساڵەشەوە ئیسپانیا زیاد بووە، بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکەیان بنێرنە سەر سنووری سووریا و لە شاری مەرش جێگیرکراوە.
ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەڵمانیا لەو بنکەیە 260 سەربازەو کاریان لە سەر 2سیستەمی جۆری پاتریۆتی دژەموشەک دەکرد.

لە سەر زاری وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئورسولا ڤۆن دێر لاین، کە لە راگەیەندراوی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوە، هاتووە "لەگەڵ شەریکەکانمان لە ناتۆ ئێمە خەڵکی تورکیامان لە هێرشی رۆکێتەکان لە سووریاوە پاراستووە. ئەم ئەرکەی هێزەکانی ئێمەی پاتریۆت لە مانگی یەکی ساڵی 2016 کۆتایی دێت. هەڕەشەکانی سەر ئەم ناوچە قەیرانهەژێنە ئێستا رەهەندی دیکەی وەرگرتووە".

راشیگەیاندووە "ئەمڕۆ هەڕەشە لە رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامییەوە دێت. بۆیەش ئەرکی ئێمە لەو ناوچەیەدا بەردەوام دەمێنێت، بۆ ئەوەی باشتر سەقامگیر ببێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە مەشقپێکردن و هاوکاریکردنی هێزەکانی کوردی و عێراقی لە هەولێر، بەڵام کەشتییەکانی ئێمە لە لوبنان و رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاستیش دەمێننەوە".

ئەم بڕیارەی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، هۆڵەندا پێشتر خۆی لەو ئەرکە کشاندبووەتەوە و بەپێی شرۆڤەکارانیش، ئەمریکاش هەمان بڕیار دەدات. لەنێو پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بە ئۆپۆزسیۆن و فەرمانڕەواکانەوە، پێشوازییەکی گەرم لەم هەنگاوەی ‌‌حکومەت دەکرێت.
ئەڵمانیا لە 12وڵاتی جیهان بۆ پشتگیریکردنی ئەو وڵاتانە یاخود بە هاوبەشی لەگەڵ ناتۆ هێزی سەربازی هەیە. کۆی گشتی سەربازەکانی ئەڵمانیا لە دەرەوەی وڵات دەگاتە 2 هەزار و 826لە 29-01-2015و بۆ ماوەی یەک ساڵ، هێزیکی سوپایی ئەڵمانیا، کە ژمارەیان 91 کەسە لە بنکەیەک بەناوی ناوەندی کوردستان لە هەولێر ئەرکی مەشقپێکردن و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی رۆژئاوایی بۆ شەڕی دژی داعش دامەزراندووە.











رووداو
Top