وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا: داعش چەکی کیمیایی لە دژی پێشمەرگە بەکارهێناوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند داعش چەکی کیمیایی لەدژی پێشمەرگە بەکارهێناوە. بەرپرسانی ئەڵمانیاش پێیان وایە ئەو ماددە کیمیاییە "ماددەی کلۆرین"ە کە لەدژی پێشمەرگە بەکارهاتووە.
لەبارەی ئەو ٨٨ سەربازە ئەڵمانییەی کە لە نزیک هەولێرن و مەشق بە پێشمەرگە دەکەن گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند " ئەوان ٦٠ کیلۆمەتر لە شوێنی هێرشەکە دووربوون و سەلامەتن".
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری بەرەکانی شەڕ لە میحوەری گوێڕ- مەخموور، ئاشكرایان کرد كە بۆیەكەمجار چەكدارانی داعش نزیكەی 45 گوللە هاوەنی جیاوازیان ئاراستەی پێشمەرگە كردووە و كڵاوەی كیمیاوییان لەسەر بەستوون.
محەممەد ئەسعەد خۆشەوی، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە لەمبارەیەوە گوتی " 45 گوللەی هاونی 120 مللیمی کە سەری هاونەکان پڕبوون لە ماددەی کیمیاوی، لەلایەن داعشەوە ئاراستەی پێشمەرگە کران".
لەو هێرشەی داعشدا کە تەنیا لەڕێگەی هاوەنەوە بووە، چەند پێشمەرگەیەک بەهۆی ماددە كیمیاوییەكە جەستەیان سووتاوە، دەستبەجێ تیمێکی سەربازی ئەمریکی و فەرەنسیش گەیشتوونەتە میحوەرەكە و لێكۆڵینەوەیان لە ماددەكە كردووە.
رووداو
