نێچیرڤان بارزانی: شنگال دەگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕێوڕەسمە وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند؛ ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدی هات نیشانەیەکی دیکە لە مەزڵۆمییەتی کورد بوو و ئەو تاوانەی بە سەر ئەو شەهیدانە دا هاتووە هەم لە بەر کورد بوونیان و هەم لەبەر ئیزدی بوونیان بوو.
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی وتارەکەی دا گووتی: راستە دوژمن برینێکی دیکەیان لە دڵمان دروست کرد، بەڵام ئێمە لەنێونەچووین کوردی ئێزدیش لەنێونەچوون".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد لە بستێک خاکی شنگال و کوردستان خۆشنابین و هەموو گوند و دەڤەرەکان ڕزگار دەکەین.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند " زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٨ کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون" ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد " هەتاکو کەسێکی ئێزدی لە دەستی داعش مابێت لەهەوڵدان بۆ رزگارکردنیان بەردەوام دەبین".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتی: دیسان شنگال ئاوەدان دەکەینەوە و دەیگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی بە کوردانی ئێزدی دا کە ئەو ئێش و سەرما و گەرما و ناخۆشیانەی ئەوان لەبیر ناکەن و هەوڵ دەدەن باری گوزەرانیان باشتر بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی وتارەکەی ئاماژەی بە کۆچی کوردانی ئێزدی بۆ دەرەوەی وڵات کرد و گووتی: " پێموایە رۆیشتن لە وڵات دروست نییە، چونکە ئێزدیایەتی لە شنگال و ناوچەی ئێزدییەکان دەکرێت نەوەک لە دەرەوەی وڵات". گوتیشی " ئێزدیایەتی و دین و کولتووری ئێزدیان لەسەر خاکی باوباپیرانیان ئەنجامدەدرێت"
