پەیامی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفال
لە یادی بیست و پێنج ساڵەی دەستپێكردنی كارەساتی دڵتەزێنی ئەنفال لە دژی خاك و ڕۆڵەكانی گەلەمان، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. ئەو شەهیدانەی تەنیا لەبەر ناسنامەیان بوونە قوربانیی دڕندەترین شێوازی بیركردنەوە و حوكمڕانی كە بەعسی گۆڕبەگۆڕ پیادەی کرد.
ئەنفال زامێكی ئەبەدییە لەسەر جەستەی گەلی ستەمدیدەی كورد و نیشانەی ڕووتانەوەی دوژمنانی گەلی كوردە لە هەموو بەهایەكی مرۆڤی و ئەخلاقی. لەگەڵ هەموو ئەو ئازارانەیشدا ڕاستە دوژمن بێباك و دڵڕەق بوو، ڕاستە جیهان بێ بەزەیی و بێ دەنگ بوو، بەڵام گەلی كورد بەرگری لەخۆی كرد و زیندوو مایەوە و ئێستا بەسەربەرزی ڕووی لە داهاتوویە.
لەو یادە خەمناكەدا حەز دەكەم بە هاووڵاتییە بەڕێزەكانی كوردستان و گشت لایەنە سیاسییەكان بڵێم ئەنفال و گشت ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتوون دەبێ هانمان بدات لەبری ئەوەی بیكەینە كەرستەی موزایەدەی سیاسی با پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان بكەین بۆ ئەوەی قوربانیدانی ئەنفال بەفیڕۆ نەچێت و داهاتوویەكی ئارام و دوور لە كارەسات بۆ نەوەكانی دواڕۆژ دابین بكەین.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
