لە ساڵی رابردوودا 120 هەزار هاووڵاتی سلێمانی سەردانی ئێرانی كردووە
ئەمرۆ 7ی نیسان بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە ئاغای شەكیب میهر سەر كونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی هەردوو لاو هەماهەنگی زیاتر بۆ گەشەپێدانی ئەو پەیوەندیانە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
پارێزگاری سلێمانی وێرای پیرۆزبای لە كونسوڵی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، تەئكیدی لە هەماهەنگی هەردوو لا كردەوە بۆ گەشەی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوری و گەشتیاری و كلتورییەكانی نێوان پارێزگای سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران.
سەبارەت بە خاڵە سنورییەكان و رەوشی بازرگانی لەو خاڵە سنوریانەدا،پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند \"هێنانی شمەك و بازرگانی تەواو ئازادەو هیچ سانسۆرێكی لەسەر نییە تەنیا بەمەرجی ئەوەی ئەو شمەكانە بە كوالێتی كۆنترۆڵ و گومرگدا تێپەڕ ببن\"" ئامادەیشی نیشاندا هەر گرفتێك لەو رووەوە هەبێت چارەسەری بكات\"".
پاێزگار وتیشی\"" خوازیارین لە هەموو قەزاكانی سنوردا خاڵی سنوری رەسمی هەبن و بۆ ئەوەش كارمان كردووە بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی حكومەتی مەركەزیدایە\"" پارێزگار داوای كرد كۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغداد كار بۆ بەرەسمی ناساندنی ئەو مەرزانە بكات كە تا ئێستا رەسمی نین.
لەبەرامبەردا سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران، وێرای سوپاس و پێزانین بۆ پارێزگای سلێمانی لەبەرامبەر كارئاسانی كردن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو لا ، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد پەیوەندی ئابوری و گەشتیاری نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و سلێمانی گەشەی جۆرێی بەخۆیەوە بینیووەو لایەنی سەرەكی پەیوەندییەكانی هەردوو لایەو تەنیا لە ساڵی رابردوودا 120 هەزار ڤیزایان داوە بەهاوولاتیانی پارێزگای سلێمانی بۆ سەردانكردنی ئێران.
كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران هیوای خواست بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بتوانن ئاستی پەیوەندییەكان زیاتر بەرز بكەنەوەو هەر كێشەو گرفتێك هەبێت چارەسەری بكەن."
