نێچیرڤان بارزانى و ده‌میرتاش پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانى و ده‌میرتاش پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى تاوتوێ ده‌كه‌ن
7ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7ى نیسانى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان؛ پێشوازى له‌ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكى پارتى ئاشتى و دیموكراتى (به‌ده‌په‌) و شاندێكى یاوه‌رى كرد.


له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى و هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسى كورد له‌ توركیا خرانه‌ به‌ر باس و سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش كه‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ى ڕابردوو له‌گه‌ڵ شاندێكى (به‌ده‌په‌) سه‌ردانى ئیمرالى كردبوو، له‌ ڕێگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌؛ سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز ئۆجالان - ى به‌ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى گه‌یاند.
هاوسه‌رۆكى (به‌ده‌په‌) وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاس و پێزانین بۆ پشتگیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ‌ڕۆڵ و هه‌وڵى به‌رده‌وامى نێچیرڤان بارزانى له‌ هاندانى توركیا و سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌ردۆغان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسى كورد له‌ توركیا، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژانى داهاتوو كاتێك پرۆسه‌ى ئاشتى زیاتر ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، ڕۆڵ و ئه‌ركى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ پشتگیرى و هاوكاریكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى زیاتر ده‌بێت، بۆیه‌ داواى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد كه‌ وه‌ك چۆن له‌ قۆناغه‌كانى ڕابردوودا، ڕۆڵێكى گرنگى له‌ ده‌ستپێكردن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونى پرۆسه‌كه‌دا هه‌بووه‌، له‌ داهاتووشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕێت و هه‌ردوولا بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رى هان بدات و هاوكارییان بكات.
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هه‌روه‌ها باسى له‌ گرنگیى په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد و داواى كرد حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیران سوود له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانیان به‌ تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكادا وه‌ربگرن و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسى كورد له‌ توركیا و هاندان و پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى به‌ كار بێنن.


لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى؛ وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ هه‌نگاوه‌كانى ئاشتى و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى له‌ هه‌ردوولاوه‌ بۆ ئاشتى و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ ده‌درێن، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ پشتگیرى له‌ پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌كات و هه‌رچى له‌پێناو ئاشتى و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى پرسى كورددا له‌ توركیا پێویست بێت و هه‌ر ڕۆڵ و ئه‌ركێك له‌م پێناوه‌دا بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێى ده‌كات، تا كۆتاییش له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌دایه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات.


سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پرسى كورد له‌ توركیا پرسى ملله‌تێكه‌ و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌بن؛ یان نه‌بن، ئه‌م كێشه‌یه‌ وه‌ك كێشه‌ى ملله‌تێك هه‌یه‌ و هه‌ر ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێت، چاره‌سه‌رى ڕاستیش چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌یه‌، هه‌ر كاتێكیش ده‌رفه‌تى چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ هه‌بووبێت، كورد پێشوازى لێ كردووه‌ و بۆ ئاشتى هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستى ئاشتى درێژ كردووه‌. هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ت و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ى له‌ توركیا ده‌ستى پێ كردووه‌، بگاته‌ ئه‌نجام و بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشتى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، چونكه‌ ئاشتى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوو گه‌لى كورد و توركدایه‌ و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ خزمه‌ت به‌ هه‌مووان ده‌كات.
Top