ئەزموونی سلێمانی لەبواری (دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت) لەشارەكانی تری هەرێم پەیرەو دەكرێت

ئەزموونی سلێمانی لەبواری (دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت) لەشارەكانی تری هەرێم پەیرەو دەكرێت
7ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی بریاریداوە لەدەرەوەی رێنمای راگرتنی پرۆژەكانی نیشەجێ‌ بوون لەهەر پارێزگایەكدا هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت دروست بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش داوای كردووە كە ئەزموونی سلێمانی لەبواری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت بۆ ئەو پرۆژەیە پەیرەو بكرێت.
دوێنێ بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەدیوانی پارێزگا لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و بریكاری وەزارەتی شارەوانی و بەرێوەبەری فەرمانگەكانی وەبەرهێنانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كۆبووە.


لەكۆبوونەوەكەدا ئەزموونی پارێزگای سلێمانی لەبواری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت و فەرمانبەران تاوتوێ‌ كراو ئەوە خرایە روو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان هەرێم راسپاردەی داوە كە ئەو ئەزموونە لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستانیشدا سودی لێ‌ وەربگیرێت و لەدروستكردنی ئەو یەكانەی بریاری لەسەر دراوە پەیڕەو بكرێت.


پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئەزموونی سلێمانی لەو بوارەدا رایگەیاند لە قۆناغی یەكەمدا نزیكەی 600 یەكەی نیشتەجێبوونمان دروستكردووە كە لایەن خۆمانەوە دیزاینی پرۆژەكەو كوالێتیەكەی دیاریكراوەو بەجۆرێك خەڵكانی كەمدەرامەت بتوانن ببنە خاوەنی ئەو یەكانە و لەئێستادا كارەكانی نزیك بووەتەوە لە تەواوبوون و سەرقاڵین لەرێگەی فۆرمەوە دابەشی بكەین بەسەرخەڵكانی كەمدەرامەت و فەرمانبەراندا.


پارێزگار وتیشی بەهەمان سیستەم بڕیارمانداوە ژمارەیەكی تری یەكە دروست بكەین.


هاوكات پارێزگار وتی \"جگەلەوەسەرقاڵی گەشەپێدانی ئەو بیرۆكەو ئەزموونەین و لەئێستادا زەویمان بۆ نزیكەی سەت هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دیاریكردووە و نەخشەو دیزانیشی بۆ كراوەو لەو ژمارەیەش نزیكەی 3هەزاریەكەیمان راگەیاندووە بۆ ئەوەی لەرێگەی وەبەرهێناوە دەست بەدروستكردنی بكرێت و بریارە لە ناوەراستی ئەم مانگەدا تەندەرەكانی ئەو پرۆژەیە بكرێتەوە كە كێ‌ بڕكێكەی لەسەر كەمی نرخی پێشەكی و ماوەی قستەكانی دەبێت و كۆمەڵێك مەرجمان داناوە بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵكی كەمدەرامەت سودمەند بن لێ‌\""
پارێزگار هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لەدروستكردنی ئەو یەكانەدا كۆمەڵێك مواسەفاتی باشترمان زیادكردووەو ئەمەش وەك ئەزموونێكی نوێ‌ و پەرەپێدانی بیرۆكەی قۆناغی یەكەم سەیری دەكەین.


پارێزگاری سلێمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی كە شارەكانی تری هەرێمیش سود لەو ئەزموونەی سلێمانی وەربگرن و رایگەیاند \""دەتوانین ئەزموونەكە گەشەی زیاتری پێ‌ بدەین و كوالێتی پرۆژەكان باشتر بكرێت\"" وتیشی : لەم رێگەیەوە دەتوانین خزمەتی خەڵكانی چینی ناوەراست و چینی كەمدەرامەت بكەین و هاوكات كێشەو گرفتی نەبوونی یەكەی نیشەجێبوون و زیادەڕەوی كەم بكەینەوە.


پاشان پارێزگار فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانی راسپارد دیكۆمێنت و نەخشەو دیزاینی ئەو پرۆژانە پێشكەشی وەبەرهێنانی هەولێر و دهۆك بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە دروستكردنی ئەو ئەو یەكە بریار لەسەر دراوانە سودی لێ‌ وەبەربگرن."
Top