سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی ئەفغانستان لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی ئەفغانستان لە عێراق دەكات
4ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمم لە سەلاحەدین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (محەمەد ئەنوەر زی) بالیۆزی ئەفغانستان لە عێراق كرد. لە سەرەتای دیدارەكەدا بالیۆزی ئەفغانستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدارە دەربڕی و دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێم و گەلی كوردستان كرد بە هۆی ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكارییە بەرچاوانەی لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین و ئاساییش و خۆشگوزەرانی و بووژانەوە لە هەرێمی كوردستاندا هاتۆتە ئاراوە. پاشان سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی بالیۆزی ئەفغانستان بوونی ئاساییشی لە كوردستان بۆ بەخشندەیی خودا و خەمخۆریی هاووڵاتیان و چاوكراوەیی دامودەستگەی حكوومەت گەڕاندەوە و، ئاماژەی بە هاوبەشییە كولتووری و مێژووییەكانی كوردستان و ئەفغانستان كرد بە تایبەتی كە هەردوو گەلی كورد و ئەفغان خۆڕاگر بوونە و ژێردەستیی حوكمی داگیركارییان قبووڵ نەكردووە.

تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە باسكردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق بوو و هەروەها بالیۆزی ئەفغانستان هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان گەشەی پێ بدرێت بە تایبەت لە بواری پەیوەندییە كولتووری و میدیاییەكان و داوای كرد میدیاكار و ڕۆشنبیرانی هەردوو لا لە نزیككردنەوەی هەر دوو وڵات ڕۆڵیان هەبێ. لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی پێشوازی لەو داواكارییە كرد و هیوایشی خواست هەردوو گەلی ئەفغانستان و كوردستان ئاییندەیەكی گەش و پڕشنگداریان هەبێت.
Top