راگەیاندنی رۆژمەوانی لێژنەی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان
بەپێی بەرنامەی كار، قسەوباس و گفتوگۆی هەمولایەنە لەبارەی پرسە هەنووكییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد و ئەو گەڵاڵەنامەیە كرا، كە لیژنەی راسپێردراو وەكو هەڵوێستی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بەكێشە هەڵپەسێراوەكان لەگەڵ بەغدادا ئامادەی كردووە.
لە كۆی پرسەكاندا بنەما سەرەكییەكانی هاوپەیمانێتی و رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی دووپات كرایەوە و بڕیاریش درا، زنجیرە كۆبوونەوەیەكی بەردەوام بكرێ بۆ پێكهێنانی بنەما نوێكانی كاری هاوبەش، لە پرسەكانی ئایندەدا كە پەیوەستن بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ئەوانەی پەیوەندیدارن بە عێراق و ناوچەكەوە، لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكان و ئەگەرەكان، گفتوگۆی بەرپرسانەیان دەربارە بكرێ.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا پشتیوانی و پابەندبوونیان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانەوە دووپاتكردەوە كە لەوادەی یاسایی خۆیان ئەنجام بدرێن و ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ هاوكاری كردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و زەمینەخۆشكردن بۆ سەركەوتنی ئەو پرۆسە گرنگە، لەهەموو بارێكەوە، كە رای گشتی گەلەكەمان دڵنیابن و، وەكو چارەنوسی سیاسی و دیموكراسی خۆیان، بەپیرییەوە بێن.
هەروەها هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە لە هەرێمی كوردستاندا، دەكەوێتە هەلومەرجێكی پڕ لە گۆڕانكاری ناوچەیی و ناوخۆییەوە، بۆیە پارتی و یەكێتی وێڕای جەخت كردنەوە لە پاراستن و گەشەپێدانی هاوپەیمانێتی و رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان، بەڵام رێز لە سەربەستی بڕیاردانی هەردوولایش لەبارەی چۆنێتی بەشداری كردن لەو پرۆسەیەدا، دەگرن.
كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.
مەكتەبی سیاسی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان
