سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی زانكۆی ئەزهەر بەرز دەنرخێنێت
لەو دیدارەدا كە عەبدوڵڵا مەلا سەعید وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش ئامادەیی بوو، شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بۆ ئەم سەردان و پێشوازیكردنە، بە وردی باسی بایەخ و بەهای پەیوەندی مێژوویی نێوان كورد و مسر و ئەزهەریان كرد و هیوایان خواست پەیوەندی نێوان گەلی كورد و مسر بەردەوامی هەبێ و پتەوتر بێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیاندا شاندی میوان سەرسامی خۆیان بەو قوربانیدان و خۆراگرییە نیشاندا، كە میللەتی كورد لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانیان بەخشیویەتی و هیواشیان خواست گەلی كورد بە هەموو مافەكانی شاد بێت.
لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی میوان تەئكیدیان لەوە كردەوە، ئەزهەر دژی توندوتیژی ئاینیە و هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ برەودانی میانڕەویی و پێكەوەژیان.
لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانیكردنی شاندەكە، رۆڵی زانكۆی ئەزهەری لە گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و مسر بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەزهەر وەك ناوەندێكی ئاینی پەرە بە هزری میانڕەویی و پێكەوەژیان بدات و ببێتە پردێكی پتەوی پەیوەندی نێوان گەلی كورد و گەلی مسر و گەلانی ئیسلامی.
