پلانی کار بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی بەکارخستن لەھەرێمی کوردستان دادەنرێت
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئاسۆس نەجیب\" وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەگرنگی جێبەجێ کردنی سیاسەتی بەکارخستن کرد بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەش رایگەیاند: مەبەست لەبوونی مامۆستایانی زانکۆ و سەندیکای کرێکاران و ژوورە بازرگانییەکان و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لەم کۆبونەوەیە، بۆ چۆنیەتی جێبەجێ کردنی سیاسەتی بەکارخستن و دانانی بەرنامەی کاری حکومەتە بۆ ئەم سیاسەتە گرنگە کەپەیوەندی بەھەموو دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت ھەیە. وەزیری کار وتیشی ئەم سیاسەتە ھۆکاریکی باش دەبێت بۆ بنبڕکردنی ھەژاری و کەمکردنەوەی بێ کاری لە ھەرێمی کوردستان کەئەویش بەھەماھەنگی و ھاوکاری کەرتی تایبەت و حکومەت و دامەزراوە جیاکان دەبێت.
ھەر لەکۆبونەوەکەدا لەلایەن شارەزایانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ئەوە خرایەروو پێوستە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو سیاسەتە لیژنەیەکی باڵا پێکبھێنرێت لەسەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان و خاوەن کار و سەندیکای کرێکاران و پارێزگاکان و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، چونکە ئەو سیاسەتە پەیوەندیەکی پتەوی ھەیە لەگەڵ بوژانەوەی ئابوری کوردستان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و نەھێشتنی ھەژاری لەھەرێمی کوردستان.
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا ئامانجە گشتییەکانی سیاسەتی بەکارخستن خرایەڕوو بۆ دۆزینەوەی ھەلی کاری بەرھەم ھێنەر بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی بێ کاری لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەو ھەلی کارانەی کەئارەزوومەند نین، جیا لەئامانجی ئەوەی ئەم سیاسەتە رۆڵی باشی دەبێت لەچاکسازی ئابووری لەھەرێم و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی کوردستان."
