مەلاكانی كوردستان لەگەڵ زانایانی ئەزهەر كۆنفڕاس ئەنجام دەدەن

مەلاكانی كوردستان لەگەڵ زانایانی ئەزهەر كۆنفڕاس ئەنجام دەدەن
27ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- بڕیارە سبەی پێنج شەمە كاتژمێر سێی ئێوارە لە هۆڵی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان یەكەمین سمینار ببەسترێت‌و، ژمارەیەكی زۆری مامۆستایانی ئایینی هەولێر‌و دەورو بەری بەشداری تێدا دەكەن‌و، لە رۆژانی دواتریش وێڕای چەندین چالاكی، لە سلێمانی و دهۆكیش سمیناری هاوشێوە دەبەسترێت.

لەم بارەوە مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایان بۆ سایتی زانایان گووتی: لە درێژەی چالاكییەكانی یەكێتی زانایان، بەتایبەتی لە بواری ئاشناكردنی كەسایەتییە ئایینیە دیارەكانی دەرەوەی كوردستان بە رەوشی هەرێمی كوردستان لە رووی ئاسایش‌و پێكەوەژیان‌و هەموو لایەنەكانی دیكە، كۆمەڵە كەسایەتییەكی دیاری زانكۆی ئەزهەری میسرمان بانگهێشت كردوون بۆ هەرێمی كوردستان، بە خۆشحاڵییەوە ئەوانیش بانگهێشتەكەیان قبوڵ كرد‌و، ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە گەیشتنە هەرێمی كوردستان.

دەربارەی چالاكییەكانیش سەرۆكی زانایان گووتی: لە ماوەی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك چالاكیمان بۆ دیاریكردوون، لەوانە سەردانیكردنی هەندێك شوێنی گرنگی كوردستانی وەك هەڵەبجە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە واقیعی هەرێمی كوردستان ببینن، ئەوە سەرباری ئەوەی چەندان سمیناری هاوبەشی تایبەت بە فیكری ئیسلامی لە پارێزگاكانی كوردستان ساز دەكەن.

دەربارەی گرنگی ئەو سمینارانە سەرۆكی زانایان گووتی: گرنگی ئەم سمینارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوانە كەسایەتی عالم‌و زانا‌و بیریارن، هەروەها ئەزموونی زۆریشیان هەیە، بەتایبەتی لەسەر مەنهەجی ئەزهەر، كە مەنهەجی میانڕەوی‌و ئیسلامی دروست‌و پێكەوەژیانی ئایینی‌و مەزەبی‌و نەتەوەیی، هەروەها چەندان باسی دیكەی گرنگ هەن، بەتایبەتی لە بواری فەتوادان‌و مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە نوێیەكان.

شایانی باسە شاندەكە پێكهاتوون لە هەر یەك لە دكتۆر محەمەد ئەلفوزەیل ئەلقوسی ئەندامی دەستەی گەورە زانایان‌و وەزیری پێشووتری میسر، دكتۆر عەبدولمەقسود پاشا پرۆفیسۆری مێژوو لە زانكۆی ئەزهەر. ئوسامە یاسین یاریدەدەری شێخی ئەزهەر بۆ دەرچووانی ئەزهەر‌و شاندێكی یاوەریان.

سەبارەت بەوەی بۆچی سەرۆكی زانكۆی ئەزهەر نەهاتووە، سەرۆكی زانایان گووتی: بەڕێزیان تا شەوی رابردوو نیازی هاتنی هەبوو، هەموو شتەكانی هاتنیشی تەواو بوونە، بەڵام دایكی جەڵتەی لێداوە‌و تەندروستی خراپە، بۆیە ئەگەر تەندروستی بەرەو باشی بچێت، ئەویشیان دێتە هەرێمی كوردستان ‌و خۆشی حەزی لێ بووە لە نزیكەوە رەوشی هەرێمی كوردستان‌و زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستان ببینێت.
Top