بە بەراورد لەگەڵ عێراق، زۆرترین ئاوارەی سوریا روویان لە ھەرێم کردوە

بە بەراورد لەگەڵ عێراق، زۆرترین ئاوارەی سوریا روویان لە ھەرێم کردوە
26ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- بەپێی دوایین ئامار لە کۆی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی سوریا کە روویان لە عێراق کردووە، ٩٢.٨% ی لە ھەرێمی کوردستان جێگیر بوون و زۆرینەشیان لە شاری دھۆک نیشتەجێ بوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری رایگەیاند، لە ئێستادا تێکڕای ژمارەی پەنابەرانی سوریا لە عێراق گەیشتۆتە ١٠٦ ھەزار و ٨٢٧ پەنابەر، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٩٩ ھەزار و ١٣٨ پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

لە بارەی چۆنیەتی دابەشبوونی پەنابەران لەھەر سێ شارەکانی دھۆک، ھەولێر و سلێمانی زێباری روونیکردەوە و گووتی: لە دھۆک ٧٠ ھەزار و ٦٦٣ پەنابەر، ھەولێر ٢١ ھەزار و لە سلێمانی ٧ ھەزار و ٧٩ پەنابەر نیشتەجێبوون.

ھەروەھا ئاماژەشیدا،‌ رۆژانە نزیکەی ٩٠٠ پەنابەر دەگەنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە کەمپەکە قەرەباڵغی زۆری تێ بکەوێت و ببێتە ھۆکار بۆ ھاتەکایەی پشێوی و ئاڵۆزی لەنێوان پەنابەرانی ناو کەمپ.

ئەوەشی روونکردەوە کە بەشی زۆری پەنابەرانی روویان لە ھەرێم کردوە، خەڵکی شاری حەسەکە و کوردەکانی خەڵکی قامیشلۆن.
گووتیشی:جگە لەوەی بەشێکی دیکەی پەنابەران خەڵکی شارەکانی دیمەشق و ئەلیپۆنن.
لە بارەی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی ناو کەمپی دومیز، دیندار زێباری گووتی: لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی پەنابەران کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەھاوکاری رێکخراوەکانی دیکەی پەنابەران و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران ھەستاوە بە دابین کردنی پێداویتسیەکانی وەک گەیاندنی تۆڕی ئاو و کارەبا دابین کردنی شوێنی حەوانەوە.
سەبارەت بەو ھاوکاری کۆمەکییە مرۆییانەی بۆ یارمەتیدانی پەنابەران کۆکراوەتەوە، روونیکردەوە:تا ئەم مانگە \"ئازار / مارس\"" کۆمەک و ھاوکارییە کۆکراوەکان بەھاکەی بە ٥٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمەریکایی دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بەھاوکارییەکی کاریگەر ئەژماردەکرێت بۆ پەنابەران لە عێراق و ھەرێمی کوردستان."
Top