دۆخی ئاوارەكانی سووریا لە كەمپی دومیز بەرەو خراپبوون دەچێت

 دۆخی ئاوارەكانی سووریا لە كەمپی دومیز بەرەو خراپبوون دەچێت
13ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- ژمارەی ئاوارەكانی سووریا لە كەمپی دۆمیز سنووری 80 هەزار كەسی تێپەڕاندووە و نزیكەی دوو هەزار كەسیان خێمەیشیان بەر ناكەوێت.

یەكێك لەو ئاوارانە مەروان حەمیدە كە بە هۆی نەبوونی خێمەوە لەگەڵ خێزانەكەیان پەنایان بۆ خێزانێكی دیكە بردووە تا لە خێمەكەیاندا بحەوێنەوە.
مەروان باس لە نەبوونی ئاو و ئاودەست و كەلوپەلی نێوماڵ دەكات و پێی وایە ئەگەر ئاوڕێكیان لێ نەدرێتەوە، منداڵەكانیان تووشی نەخۆشی دەبن.

مەروان دەڵێت \"ڕۆژ نییە داوا لە بەرپرسانی كەمپەكە نەكەین كە خێمە و كەلوپەلی پێویستمان بۆ دابین بكەن، بەڵام هەر ئەوڕۆ و سبەینێمان پێ دەكەن.\""
یەكێك لە ئافرەتەكانی ئەو كەمپەیش بە ناوی زۆزان سەعید گلەیی لە نەبوونی كارەبا و پزیشكی منداڵبوون دەكات و دەڵێت \""ئەگەرچی كەمپەكە بنكەیەكی تەندروستیی تێدایە، بەڵام ئافرەتان بۆ پزیشكی منداڵبوون ناچارن سەردانی دهۆك بكەن كە پارەیەكی زۆری تێ دەچێت.\""

بەرپرسی ڕاگەیاندنی كەمپی دۆمیز سالم سەعید نایشارێتەوە كە بە هۆی كەمیی شوێنەوە زیاتر لە هەزار و 800 ئاوارەی سووریا بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێكە بێ خێمەن.

سالم سەعید دەڵێت \""ڕۆژ نییە كە پارچە زەوییەك بۆ نیشتەجێبوونی ئاوارەكان دابین نەكەین، بەڵام هیچ ڕۆژێكیش نییە كە هەزار ئاوارە پەنا بۆ هەرێمی كوردستان نەهێنن.\""

سالم سەعید ئاماژە بەوە دەدات كە داوای كردنەوەی كەمپێكی دیكەیان لە پارێزگاری دهۆك و لایەنە پێوەندیدارەكان كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە.

ژمارەی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا گەییشتووەتە 110 هەزار كەس كە 82 هەزار و 700 كەسیان لە كەمپی دۆمیز لە بیست كیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری دهۆك نیشتەجێ بوون."
Top