ڕوونكردنەوەیەك لە وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە سەبارەت بە هەواڵێكی سایتی ئاوێنەنیوز
بەر لە هەموو شتێك ڕایدەگەیێنین كە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تەنیا كوتلە كوردستانییەكان نەبوونە بەڵكو كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێم و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارلەمان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و وەزیرە كوردەكانی حكوومەتی ئیتحادی و نوێنەرانی كوتلە كوردستانییەكانی پارلەمانی عێراق و چەند وەزیرێكی حكوومەتی هەرێم ئەنجام دراوە. بۆیە نەدەكرا ڕاگەیێندراوەكە تەنیا بە ناوی كوتلە كوردستانییەكانی پارلەمانی عێراقەوە بێت. جگە لەوەیش ئەو مەسەلەیە بە هیچ شێوەیەك جێگەی نیقاش نەبووە و نەبووەتە هۆی دروستبوونی ڕای جیاواز و گەنگەشە. بە پێچەوانەوە كۆبوونەوەكە لە كەشێكی زۆر ئیجابی بەڕێوە چوو و تێكڕای لایەنە بەشداربووەكان بەشدارییەكی باشیان لە كۆبوونەوەكەدا هەبووە.
داوا لەو میدیایە دەكەین پیشەییانە مامەلە لەگەڵ ڕووداو و ڕاستییەكاندا بكات و هەوڵ نەدرێت ڕای گشتی بە لاڕێدا ببرێت.
وتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێم
٢٠١٣/٣/١٠
